دۆناڵد بڵوم، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوین جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا کراوەیە بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەڵام ناهێڵێت ئێران لە ڕێگەی کردەوە ناسەقامگیرییەکانییەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابووری جیهانی بە بارمتە بگرێت.
بڵوم ڕۆژی یەکشەممە،1ی مانگی یازدە لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە مەنامە پایتەختی بەحرەین ڕایگەیاند "ئەمەریکا کراوەیە بۆ وتووێژ، بەڵام هاوکات ئامادەشە ڕێگەی دیکەش بگرێتە بەر. ناتوانین بهێڵین ئێران ناوچەکە و ئابووری جیهانی بە بارمتە بگرێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا وتی "دانوستانەکان بەردەوامن و لە هەمانکاتدا کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بە کراوەیی و چالاک ماونەتەوە."
بڵوم هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی سەرۆک ترامپ کردەوە و وتی ئەمەریکا ڕاوێژکاری لەگەڵ هەموو هاوپەیمانە ناوچەییەکانی و ئەو وڵاتانەی کە لە کۆبوونەوەی مەنامە ئامادەبوون لەسەر ئەم پرسە دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد ئەو وڵاتانە لە پێشهاتەکانی ئێستادا بەرژەوەندی و ڕەچاوکردنی گرنگیان هەیە و لە زۆر ڕووەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی هاوشێوە دەبنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە جەختیان لەسەر پەسەندکردنی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، هاوکات لەگەڵ پاراستنی بژاردەی دیکە کردووەتەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی جی 20 لە ئەتڵەنتا، ڕایگەیاند ئێران بە ئەنقەست کەشتییە بازرگانییەکان دەکاتە ئامانج و هەڕەشە لە ئاسایشی ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی دەکات.