ڕوبیۆ: پابەندین بە ڕێککەوتنی بەرگری لەگەڵ سعودیەدا

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمەریکا دەچێتە پاڵ هێرشەکانی سعودیە دژی حوسییەکان، ڕایگەیاند "ئێمە ڕێککەوتنی بەرگریمان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا هەیە و ئەمەریکا پابەند بووە بە ڕێککەوتنەکەوە و پابەندیش دەمێنێتەوە بە بەڵێنەکانی، بەتایبەتی ئەو بەڵێنانەی کە سروشتی بەرگرییان هەیە."

مارکۆ ڕوبیۆ وتی ئێمە لەگەڵ سعودیە بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین و شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی ئەمەریکا لەم دواییانەدا و لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار پێکەوە قسەیان کردووە.

ڕوبیۆ بە بێ ئەوەی ئاماژە بە نێوی وڵاتێکی دیاریکراو بکات، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بەشدارییکردنی وڵاتانی دیکە لە بەرگریکردن لە سعودیە لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکانی سەر بە ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتایی قسەکانیدا کۆماری ئیسلامیی ئیرانی بە هۆکاری گەشەسەندنی توانای حوسییەکان ناوبرد و ڕایگەیاند ئەو گرووپە ئەگەر پشتیوانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی نەبوایە، ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆی نەدەبوو.

بە گوتەی ڕوبیۆ، ئەم پشتیوانییە ڕێگەی بە حوسییەکان داوە دەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بکەن و بەردەوام بن لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەدا.