لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەرەو یەکلاییبوونەوە دەچێت و چاودێرانیش پێشبینی گەڕێکی نوێی پێکدادان دەکەن.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ پیت موندۆ لە ڕادیۆی KCMO 95.7 FM لە کانساس سیتی جەختی لەوە کردەوە کە کۆتاییهاتنی بابەتی ئێران ''زۆر زۆر نزیکە و ئەم کێشەیە زۆر بە زوویی دا دەخەین.''
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەتا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نییە و ئاژانسەکانی هەواڵ دەڵێن چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی سەربازی لە کۆشکی سپی بەڕێوە چوون، بە تایبەت کە ڕۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترامپ چاوی بە فەرماندە باڵاکانی پەیوەندیدار بە ئێران لە کۆشکی سپی کەوتووە بەپێی ماڵپەڕی واڵ ستریت جۆرناڵ. پێشتریش سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو کە ''بەخۆشی بێت یان بە ناخۆشی ئێران دەبێت بێتە ژێر بار.''
لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕۆژی هەینی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاندووە کە قەتەڕییەکان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەست پێ بکەنەوە و هەروەها هەردوو وڵاتی تورکیا و سعودییە داوایان لە ترامپ کردووە کە هەندێک کاتی زیاتر بە دانوستاندن بدات.
ئەسکیۆس دەڵێت کە قەتەڕ دەستپێشخەری بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان کردووە و ڕۆژی شەممەش لە دۆحە کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبێت. ماڵپەڕەکە ڕایگەیاندووە کە داواکاریی سەرەکیی ئێران لابردنی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتەیە لە کاتێکدا مەرجی ئەمەریکا گفتوگۆکردنە لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێش لابردنی گەمارۆکان.
ئەلیزابێث دێنت توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ''سیاسەتی خنکاندنی ئابووری و گەمارۆکانی سەر ئێران زۆر کاریگەر بووە و گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر حکومەتی ئێران.''
ئەمەش ببینە
ئێلیزابێث دێنت دەربارەی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران قسە دەکاتئەکسیۆس هەروەها دەڵێت کە قەتەڕییەکان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی پشکنەرە ئەمەریکییەکان سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن بەڵام هەتا ئێستا ئێران ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە موجتەبا خامنەیی بە ئاژانسی هەواڵیی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە ''ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکاتەوە سەر ئێران، ئیتر جەنگ تەنیا کاتێک دەوەستێت کە ئێرانییەکان بیانەوێت.''
ئەکسیۆس گوتوویەتی کە لە ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران چاوەڕوان دەکرێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل بکاتەوە ئامانج.
بابەتی ئێران لە ناوخۆی ئەمەریکاشدا بیروڕای جیاوازی لەسەرە و بەشێکی شەقامی ئەمەریکی لە دژی هەر جۆرە شەڕێکە لەگەڵ ئێران. دۆناڵد ترامپ لە دوایین گوتاریدا لە دەیتۆنا-بیچ لە فلۆریدا ڕەخنەی ئاڕاستەی بەرەی دژەشەڕی ئێران کرد و گوتی کە دیموکراتەکان خوازیارن لێپێچینەوەم لەگەڵ بکەن بە هۆی جەنگی ئێرانەوە.
هەوڵەکانی نێوەندگیران بە تایبەت هەردوو وڵاتی قەتەڕ و پاکستان لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوام بووە و چەند جارێکیش توانیویانە ئەو دوو لایەنە لە یەکتر نزیک بکەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە گەییشتن بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە.