دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ڕەنگە بەم نزیکانە شەڕ لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبێت، واشنتنیش پێویستی بە دڵنیاییە کە تاران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.
ترامپ ئەم قسانەی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی KCMO لە کانساس سیتی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لەوە دەکەن ڕەنگە واشنتن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دەستپێبکاتەوە، دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە 3ی ئەم مانگە.
سەبارەت بە داهاتووی ململانێکان، ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا وتی، “ئەمە بەم نزیکانە چارەسەر دەبێت، ئەوان (ئێرانییەکان) دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە بکەن، یان دەبێت دڵنیایی بدەن، پێویستمان بە دڵنیایی هەیە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کەناڵی فۆکس نیوز لە ویلایەتی تەکساس وتی: دۆناڵد ترامپ ڕێگە نادات ململانێکان لەگەڵ ئێران بگۆڕێت بۆ شەڕێکی بێکۆتایی.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قەتەر و پاکستان هەوڵی نێوەندگیری ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دەدەن. ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات نێوەندگیرانی قەتەر ڕۆژی هەینی لە تاران بوون بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەمەریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە و ترامپ "هەموو بزاردەییەکی لە ژێر دەستە و ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە دەیکات."