نرخی نەوتی جیهانی لەم مانگەدا بەرزترین ئاستی خۆی تۆمارکرد

نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ هەینی،30ی مانگی دە بەڕێژەی 2.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 117 دۆلار و 70 سەنت، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە تۆمارکرابێت.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمەریکای وێست تەکساس ئینتەرمیدێت گەیشتە 104 دۆلار کە ئەمەش بەرزترین نرخی نەوتە لەم مانگەدا.

هەروەها نرخی زێڕ بۆ دووەمجار لەم هەفتەیەدا دابەزی بۆ خوار چوار هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ.

زیادبوونی قسە و باسەکان سەبارەت بە خولێکی نوێی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەوانەش ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ئەمەریکادا بڵاوکراونەتەوە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێشکەشی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کردووە، وەک هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هێنراوەتەوە.

نرخی جیهانی نەوتی برێنت لەم مانگەدا زیاتر لە 11% بەرزبووەتەوە و بە بەراورد بە مانگی شەش، زیاتر لە 40 دۆلار گرانتر بووە.