ڕۆژی چوارشەممە، دەنگدانێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو کە داوا لە ئەمەریکا کرا کۆتایی بە گەمارۆی ئابووریی سەر کوبا بهێنێت. بەڵام ئەنجامی دەنگدانەکە، نزمترین ئاستی بۆ پشتیوانیی لەم داواکارییە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا تۆمارکرد.
بۆ 34هەمین جار، کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە داوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمەریکا لەسەر ئەو وڵاتە دەکات. ئەمجارە، بڕیارنامەکە پشتیوانیی 130 وڵاتی بەدەستهێنا و 17 وڵات دژی دەنگیان دا و 25 وڵاتیش بێلایەن بوون. لەکاتیكدا لە دەنگدانی ساڵی ڕابردوودا، بڕیارنامەکە 165 دەنگی بەڵێ، 7 دەنگی نەخێر و 12 دەنگی بێلایەنی بەدەست هێنابوو.
هەرچەندە بڕیارنامەکە ڕەمزییە، بەڵام واشنتن گۆڕانی ئاڕاستەی دەنگدانەکەی بە پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی ناوبرد.
مایک والتز، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی ئەو وڵاتانەی دژی بڕیارنامەکە دەنگیان داوە، یان دەنگیان نەداوە، یان بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا نەکردووە، نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە.
والتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: «هێشتا زۆر کار ماوە کە دەبێت بکرێت، بەڵام جیهان دەستی کردووە بە ڕەتکردنەوەی پڕوپاگەندەی ڕژێمی کوبا، بە تایبەتی دوای ئەوەی گەندەڵی و سەرکوتکردنەکانی ئاشکرا دەبن."
لە نێو ئەو وڵاتانەی هەڵوێستیان گۆڕی، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و کۆریای باشوور هەبوون؛ ئەو وڵاتانەی کە پێشتر پشتیوانییان لە بڕیارنامەکە کردبوو، بەڵام ئەمجارە هەڵوێستی بێلایەنی خۆیان ڕاگەیاند.
لە لایەکی دیکەوە، ماریۆ دیاز بالارت، نوێنەری کۆماریخوازانی فلۆریدا و یەکێک لە ڕەخنەگرە دیارەکانی حکومەتی کوبا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، ستایشی ئەنجامی دەنگدانەکەی کرد و بە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ڕەتکردنەوەی نێودەوڵەتیی ڕژێمی هاڤانا هەڵی سەنگاند.
دیاز بالارت وتی: «ڕژێمی هاڤانا لە لێواری ڕووخاندانە، وڵاتان زیاتر لە وشیار دەبنەوە و دان بەو تاوانبارانەدا دەنێن کە بەڕاستی چین و نوێنەرایەتی چی دەکەن."
ناوبراو هەروەها گوتی "ئەم دەنگدانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات کە دیکتاتۆری کوبا چیتر ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە یان ئەو دەنگانە بێدەنگ بکات کە داوای ئازادی بۆ وڵاتەکە دەکەن.
بەڵام، سەرەڕای کەمبوونەوەی پشتیوانییەکان، زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا دژایەتیی خۆیان بۆ گەمارۆکە دووپات کردەوە. لە هەمان کاتدا، هەڵگرتنی گەمارۆکە پێویستی بە گۆڕانکاریی یاسایی لەناو ئەمەریکادا هەیە.
کوبا فشارەکانی واشنتنی سەرکۆنە کرد
برۆنۆ ڕۆدریگێز، وەزیری دەرەوەی کوبا، "ڕوونکردنەوەکانی ئەمەریکای سەبارەت بە دەنگدانەکەی ڕەتکردەوە و پەسەندکردنی بڕیارنامەکەی بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی نوێ بۆ وڵاتەکەی دانا."
ڕۆدریگێز "واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی فشار دەخاتە سەر حکومەتەکانی دیکە، لە ڕێگەی هەڕەشەکردن بە سزای ئابووری و سنووردارکردنی ڤیزا، بۆ ئەوەی ئاراستەی دەنگدانیان بگۆڕێت."
وەزیری دەرەوەی کوبا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی"نە بیانووە بێماناکانیان، نە فشارەکانیان و نە میدیاکەیان، ناتوانن لەبەرامبەر هێزی ڕاستییەکاندا سەرکەوتوو بن."
حکومەتی کوبا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گەمارۆی ئەمەریکا قەیرانی ئابووریی وڵاتەکەی توندتر کردووە؛ قەیرانێک کە پچڕانی درێژخایەنی کارەبا، کەمیی سووتەمەنی و سەختی دەستکەوتنی کاڵا سەرەتاییەکانەوە لەخۆ دەگرێت".
لە بەرامبەردا، واشنتن بەشێکی زۆری کێشە ئابوورییەکانی کوبا دەخاتە ئەستۆی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوباوە. هەروەها ئەمەریکا فشارەکانی خۆی لەسەر ئابووری و کەرتی وزەی کوبا چڕتر کردووەتەوە.
گرژی و ئاڵۆزییە دیپلۆماسییەکان بە دەرکردنی نوێنەری کوبا کۆتایی هات
پێش ئەنجامدانی دەنگدانەکە لە ڕۆژی سێشەممە، لە کاتی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، تێکهەڵچوونێکی توند لە نێوان مایک والتز و برۆنۆ ڕۆدریگێزدا ڕوویدا.
لە کاتێکدا نوێنەری ئەمەریکا ڕەخنەی لە حکومەتی کوبا دەگرت، ڕۆدریگێز والتزی بە ناڕاستگۆ تۆمەتبار کرد. ئەم دەمەقاڵێیە دەنگ بەرزکردنەوەی لێکەوتەوە و ناڕەزایەتیی ئەندامانی هەردوو شاندەکەی لێکەوتەوە، کە لە ئەنجامدا کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بوون دەستوەردان بکەن.
هەروەها، لە کاتی دەمەقاڵێکەدا، ڕیچارد تۆر دی لا کۆنسێپسیۆن، نوێنەری یەکەمی نوێنەرایەتیی کوبا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن والتزەوە بە هێرشکردنە سەر دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکی تۆمەتبار کرا.
شاندی کوبا تۆمەتەکانی واشنتنی ڕەتکردەوە و سکاڵای خۆی سەبارەت بە هەڵسوێستی بەرپرسێکی ئەمەریکی تۆمار کرد.
لە کۆتاییدا، ئەمەریکا فەرمانی بە تۆر دی لا کۆنسێپسیۆن کرد وڵاتەکە بەجێبهێڵێت.