پنتاگۆن تێکچوونی بەفرگرەکان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە ئەگەری هێرشی ئەلیکترۆنی دەزانێت

پنتاگۆن گومان دەکات تێکچوونی بەفرگرەکان لە چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە بووبێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕووداوەکان بەردەوامن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کە پشت بە چوار بەرپرسی ئاگادار لە بابەتەکە دەبەستێت، پنتاگۆن لە سەرەتای مانگی هەشتەوە ڕووبەڕووی تێکچوونی بەفرگرەکان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بووەتەوە و ئەگەری هێرشی ئەلیکترۆنی بە یەکێک لە هۆکارە گومانلێکراوەکان دەزانێت.

یەکێک لەو بەرپرسـانە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە لێکۆڵەرە سەربازییە ئەمەریکاییەکان لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکانیان لە پەیوەندیدان، بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیی هاوشێوە کە بەفرگرەکانی فرۆشگا بازرگانییەکانی فەرەنسا کردووەتە ئامانج.

لەو چوارچێوەیەدا، بنکەی سەربازیی مێژوویی فۆرت هواچوکا لە ویلایەتی ئەریزۆنا ڕایگەیاندووە کە بەفرگرەکانی لە ماوەی شەوێکدا کەوتوونەتە دۆخی شلبوونەوە و ئەمەش بووەتە هۆی خراپبوونی هەموو خواردنە هەڵگیراوەکانیان.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، لانیکەم شەش فرۆشگا لە ناو ئەو بنکە سەربازییەدا کاریگەریی ئەم هێرشەکان لەسەر بووە.

پنتاگۆنیش ڕایگەیاندووە یەکێک لە یەکەکانی فەرماندەیی ئەلیکترۆنیی ئەمەریکا لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە و پۆلیس هاوکاری دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان. هەروەها، بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی سوپای ئەمەریکا پشتڕاستی کردووەتەوە کە بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ پۆلیسی فەرەنسا کار دەکات.

لە فەرەنسا، بەپێی زانیارییەکان، هێرشە گومانلێکراوەکە زیاتر لە 350 فرۆشگای کردووەتە ئامانج و پێشبینی دەکرێت زیانە داراییەکانی بگاتە دەیان ملیۆن یۆرۆ.

هێشتا هۆکاری ڕاستەقینەی تێکچوونی بەفرگرەکان بە شێوەیەکی کۆتایی پشتڕاست نەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئەم ڕووداوانە پەیوەندییان بە هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە هەیە یان نا، بەردەوامن.