میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەکی بۆ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردووە و هەروەها باس لەوە دەکەن کە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتن و تاران چڕتر کردووەتەوە ، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەری گەڕی نوێی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران زیاد دەکات.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ڕۆژی چوارشەممە، 28ی مانگی دە بە پشت بەستن بە قسەی کاربەدەستانی ئەمەریکا و کەسانی ئاگادار لەو بابەتەکە، بڵاوکردەوە کە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردنی لە شەڕ و زیندووکردنەوەی داناوستانەکان، نامەی بۆ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە.
ئەکسیۆس سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم نامەیە بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسێکی ئەمەریکا نووسیویەتی جێگری سەرۆک دۆناڵد ترامپ نامەی بۆ موحسین ڕەزایی ناردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر دانوستانێک بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا پێویستی بە گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی ئەتۆمی.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە جێگرەکەی نامەکەی ناردووە، بەڵام سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی وتی "پێویستیان بە یارمەتی هەیە لە کەرەستەی پزیشکی و شتی جۆراوجۆر، جەی دی ڤانس پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ڕای من چییە، منیش گوتم ئەگەر بتەوێت بیکەیت ئەوە باشە. لە ڕاستیدا ئامانج ئەوەیە ڕێگە بدرێت باری یارمەتییەکان بڕوات بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە دۆخەکەیان باش نییە."
موحسین ڕەزایی کە دوای محەممەد باقر زەلقەدر، وەک سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەستنیشان کراوە، پێشتر بەرزترین فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بووە.
ڤانس سەرۆکی دانوستانکاری بەڕێوبەرایەتی ترامپ بوو لە چەند خولێکی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دوای شەڕی 40 ڕۆژە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکان.
هەروەها ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە هەمان ڕۆژدا بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئەمەریکایی و ئیسرائیلی و ناوچەیی بڵاویکردەوە نێوەندگیرانی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی قەتەر و پاڵپشتیی پاکستان، سعودیە، میسر و تورکیا هەوڵدەدەن ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕەکە بکەن.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، نێوەندگیرانی قەتەر لە هەوڵی ئەوەدان ئێران ڕازی بکەن کە ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدات سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکەن لە بەرامبەر هەندێک لێخۆشبوونی سزاکان لەلایەن ئەمەریکاوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەکسیۆس ڕایگەیاند دانوستان لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە نازانێت ئەم دانوستانانە دەگەنە ئەنجام یان نا.