وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لەو ڕێککەوتنە گرت کە حکومەتی عێراق سەبارەت بە دۆخی شنگال و تێکەڵکردنی یەبەشە بە سوپای عێراقەوە ئەنجامی داوە. دەڵیت ڕێککەوتنەکە بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەولێر ئەنجام دراوە و دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز دەکات.
وەزارەتی ناوخۆ ئێوارەی سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی، "بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بەشێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامیان دەدات."
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دێت کە حکومەتی عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند بڕیاری داوە هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراقدا تێکەڵ بکات و بەرپرسیارێتیی ئاسایشی چیای شنگال دەکەوێتە ژێر دەستەڵاتە فیدراڵییەکان.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هەنگاوەکەی بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگال دانا.
ڕێککەوتننامەی شنگال ڕێکەوتی 9ـی دەی 2020 لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا. بە پێی ڕێککەوتنەکە، هەردوو لا بە هاوبەشی پۆستەکانی بەڕێوەبردنی ناوچەکە پڕدەکەنەوە، هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکە نامێنن و ئاسایش دەکەوێتە دەست پۆلیس و هێزە فیدراڵییەکانی ناوچەکە. لە ڕێککەوتنەکەدا هەروەها ئەو هاتووە دەرفەتی گەڕانەوە بۆ ئاوارەکان دابنرێت و لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا کاری نۆژەنکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا بەڕێوە ببات.
بەڵام دوای شەش ساڵ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا، بە تایبەت لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانی وەک یەبەشە خۆیان بە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە نەدەزانی.
قورتای شنگالى، فەرماندەی یەبەشە، ڕۆژی دووشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە و عێراق گەیشتینە ئەو ڕێککەوتنەی کە ئێمە بتوانین هەموو مافەکانی ئەو میللەتە و شەرڤانەکانی لەناو مافەکانی عێراقدا جێگیر بکەین. هەر ئەندامێکی ئێمە کە شەڕی دژی داعش کردووە، دەبێت بگات بە مافەکانی خۆی چونکە مافەکانی خۆی مسۆگەر کردووە."
قورتای شنگالى ئاماژەی دا بەوەی لە داهاتوودا سەرنجی سەرەکییان لەسەر چالاکی سیاسی و ئاوەدانکردنەوە دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانیان بۆ بەرگری ئامادە دەبن.
وتیشی، "شنگال بۆ ئێمە سەرەکییە و بۆ کوردستان هێڵی سورە، بەڵام ئەرکی ئەخلاقیمان بەرامبەر بە پاراستنی سنورەکانی عێراق لە کوردستانەوە هەتا فاو هەیە."
بەڵام حکومەتی هەرێم لەو ڕێککەوتنە ناڕازییە. وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت، "سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەبار دەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، ئەمانەش مەرجی سەرەکیین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ زێدی خۆیان."
وەزارەتەکە هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئازادکردنی شنگال و چیای شنگال کرد و گوتی، "500 پێشمەرگە لەو پێناوەدا شەهید بوون و سێ هەزار پێشمەرگەش بریندار بوون."
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامە حکومییانە بێت کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردن، ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەوە هەیە.
وەزارەتی ناوخۆ هەروەها گوتی، ئەگەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە ئەستەم بێت، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی دانیشتووانی شنگال، بە تایبەتی ئێزدییەکان، بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی ناوچەکەیان بدەن.
بەپێی وەزارەتەکە، سەقامگیریی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان.