Accessibility links

عێراق تێکەڵکردنی یەبەشە بە دامەزراوە فەرمییەکان و وەرگرتنەوەی ئاسایشی شنگال ڕادەگەیەنێت

لەم وێنەیەدا سەربازێکی سوپای عێراق لەبەردەم دیوارێکی ناو شارۆچکەی شنگال وەستاوە کە لەسەری نوسراوە 'پەکەکە.' دیمەنەکە هی مانگی 12ـی ساڵی 2020ـە.
لەم وێنەیەدا سەربازێکی سوپای عێراق لەبەردەم دیوارێکی ناو شارۆچکەی شنگال وەستاوە کە لەسەری نوسراوە 'پەکەکە.' دیمەنەکە هی مانگی 12ـی ساڵی 2020ـە.

حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی دەی 2026، هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) کۆتایی بە پێکهاتەی سەربازیی ئێستایان دێت و تێکەڵی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق دەکرێن؛ هاوکات بەرپرسیارێتیی ئاسایشی چیای شنگال دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی حکومەتی عێراق، ئەم هەنگاوە بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی سەرۆکی وەزیران عەلی زەیدی جێبەجێ دەکرێت.

حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەم بڕیارە بەشێکە لە بەرنامەی بەغدا بۆ کۆکردنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا و دامەزراندنی قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی دۆخی ئاسایشی قەزای شنگال.

بەپێی ئەو بەرنامەیە، هێزەکانی یەبەشە دەخرێنە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق، لە کاتێکدا "دەسەڵاتە فیدراڵییەکان" بەرپرسیارێتیی پاراستنی چیای شنگال وەردەگرن.

لە ڕاگەیاندنەکەدا، حکومەتی زەیدی ستایشی قوربانیدان و ڕۆڵی خەڵکی ئێزدی کردووە لە بەرگریکردن لە عێراق بە گشتی و ناوچەی شنگال بە تایبەتی، لە بەرامبەر هێزە تیرۆریستییەکاندا.

هەروەها حکومەت پێداگری کردووە لەسەر پابەندبوون بە دەستووری عێراق، "کە پێکهێنانی گرووپی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکان قەدەغە دەکات."

بەغدا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەرپرسیارێتیی تەواوی پاراستنی مافەکانی ئەو ئێزدییانە دەگرێتە ئەستۆ کە لە شەڕی دژی تیرۆردا بەشدارییان کردووە و قوربانییان داوە.

حکومەت هەروەها بەڵێنی داوە قەرەبووی خێزانەکانی کوژراوان، برینداران و ئەو کەسانە بکاتەوە کە بەهۆی کردارە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال.

لە ڕاگەیاندنەکەدا وردەکارییەکی زیاتر لەبارەی شێوازی تێکەڵکردنی ئەندامانی یەبەشە لە دامەزراوە فەرمییەکان، ژمارەی ئەو هێزانەی بڕیارە بگوازرێنەوە، یان کاتی تەواوبوونی پرۆسەکە نەخراوە تەڕوو.

This item is part of
XS
SM
MD
LG