شیکردنەوە: هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

دیموکراتەکان هیوادارن لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس بەدەست بهێنن. لە بەرامبەردا، کۆمارییەکان هەوڵ دەدەن ئەو دیاردە سیاسییە مێژووییە بشکێنن کە بە گوێرەی ئەوە، پارتی سەرۆکی وڵات لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتیدا هەمیشە ژمارەیەک لە کورسییەکانی لەدەست دەدات. کۆمارییەکان هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بۆ پاراستنی ئەو زۆرینە کەمەی ئێستا لە هەردوو ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران هەیانە، چڕ کردووەتەوە.

هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی دەکەوێتە ساڵی دووەمی خولی چوارساڵەی سەرۆکایەتیەوە و هەل بۆ دەنگدەران دەرەخسێنێت دەنگ لەسەر هەر 435 کورسیەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و یەک لە سەر سێی 100 کورسییەکەی ئەنجومەنی سینات بدەن.

مێژووی ئەنجومەنی نوێنەران

لە کۆی پێنج هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2006ـەوە، لە چوار دانەیاندا پارتی سەرۆک زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەدەست داوە. تاکە هەڵاوێردەیەک ساڵی 2014ـە کاتێک کۆمارییەکان پێشتر زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبوو و لەوادەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی باراک ئوبامادا زیاتریشیان کرد.

لە ساڵی 1934ـەوە لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیدا، پارتی سەرۆک بە تێكڕا 23 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەدەست داوە.

لە ساڵی 1900ـەوە، پارتی سەرۆک تەنیا سێ جار کورسی زیاتری لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی بەدەستهێناوە: فرانکلن ڕۆزەڤێڵتی دیموکرات لە ساڵی 1934، بیل کلینتۆنی دیموکرات لە ساڵی 1998، و جۆرج دەبلیو بوشی کۆماریی لە ساڵی 2002.

لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیدا، کۆمارییەکان 219 کورسییان هەیە بەرامبەر بە 214ـی دیموکراتەکان و زۆرینەن.

ئەنجومەنی سینات سەقامگیرترە

سەرۆک و پارتەکەی لەڕووی مێژووییەوە بەردەوام لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیدا لە هەڵبژاردنەکانی سیناتدا ئەنجامی باشتریان بەدەست هێناوە.

لە 23 هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتدا لە ساڵی 1934ـەوە، پارتی سەرۆک حەوت جار لە هەڵبژاردنی سیناتدا کورسی زیادکردووە، نوێترینیان ساڵی 2018 و 2022 بوون.

پێش دەنگدانەکانی مانگی یازدە، کۆمارییەکان 53 کورسی سیناتیان هەیە و دیموکراتەکان 47 و دەستی باڵایان هەیە.

تەنیا دوو جار لە 50 ساڵی ڕابردوودا پارتی سەرۆک زۆرینەی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی لە وادەی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی لەدەست داوە، ئەوانەش ساڵانی 1994 لە وادەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی کلینتن و ساڵی 2006 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی جۆرج دەبلیو بوش.