کێبڕکێ بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس دەچێتە کۆتا هەفتەوە

سیاسەتمەداران لە ئەمەریکا چوونە کۆتا هەفتەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی کە لە 3ـی مانگی یازدەدا ئەنجام دەدرێت.

سیاسەتمەداران لەو چوارچێوەیەدا بەشداریی چەندیین بۆنە لە سەرتاسەری وڵاتدا دەکەن بۆ ڕازیکردنی ئەو دەنگدەرانەی هەتا ئێستا دەنگیان نەداوە.

هەتا ئێستا زیاد لە 29 ملیۆن کەس لە دەنگدانی پێشوەختەوە دەنگیان داوە، لەسەر سندوقەکانی دەنگدان و لەڕێگەی پۆستەوە. ئەم هەڵبژاردنە بڕیار دەدات کێ زۆرینەی ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست دەهێنێت بۆ ئەو دوو ساڵەی کە ماوە لە خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ.

سەرۆک لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی دوایین ساتەکاندایە بۆ پارتی کۆماریی، و ئەم هەفتەیە بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە ویلایەتی میسیسیپی و تەکساس و ئۆهایۆ و ئایەوا و فلۆریدا.

جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆک بەنیازە ئەم هەفتەیە لەگەڵ دەنگدەران لە مۆنتانا و کانسەز و میشیگەن قسەبکات. هەروەها سیناتۆر جۆن سونی سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئۆهایۆ بەشداریی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکات.

ئەو ویلایەتانە لەوانەن کە لەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا بە وردی چاودێری دەکرێن، بەتایبەت بۆ کیبڕکیی کۆنترۆڵکردنی سینات. لە ئیستادا کۆمارییەکان 53 کورسی سێناتیان هەیە و لەبەرامبەردا دیموکراتەکان 47 کورسییان هەیە.

یەکێکی دیکە لە کێبڕکێ سەرەکییەکانی سینات لە ویلایەتی جۆرجیا دەگوزەرێت، کە ئەم هەفتەیە زۆرێک لە ناوە دیارەکانی دیموکراتەکان بەشداریی تێدا دەکەن. هەر یەک لە باراک ئوبامای سەرۆکی پێشوو و کامڵا هارسی جێگری پێشووی سەرۆک بڕیارە لە هەڵمەتەکانی جۆرجیادا دەربکەون.

هارس بەنیازە لە هەڵمەتەکانی ویسکانسنیش بەشداریی بکات.

حەکیم جێفریزی سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵ دەدات پارتەکەی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران بباتەوە و بەنیازە لە هەڵمەتەکانی تەکساس و ڤێرجینیا بەشداریی بکات.