براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی تەنگەی هورمز دەکات

براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم ڕۆژی یەکشەممە 25ی مانگی دە سەردانی تەنگەی هورمزی کرد و وتی "ئێمە شان بە شانی هاوبەشەکانمان لە کەنداو و لە پیشەسازی کەشتیوانی بەردەوامین لە چالاکی و ئەم سەردانەش جەخت لەسەر پابەندبوونی بەهێزمان دەکاتەوە بۆ پشتگیریمان لە بەردەوامی ئازادیی هاتوچووی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز."

سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە دەریاوان براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی تەنگەی هورمزی کردووە و پێداچوونەوەی بە دۆخی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتیەدا کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار کەشتی بازرگانی بە پاڵپشتی هێزەکانی سێنتکۆم بە سەرکەوتوویی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.

هەروەها سێنتکۆم ڕایگەیاندووە لە چەند مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئەمەریکا ڕێڕەوی هاوتوچووی کەشتیەکانیان لە تەنگەی هورمز لە مینەکان پاککردووەتەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێنراون.

لەم سەردانەدا فەرماندەی سێنتکۆم لەگەڵ کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا کۆبووەوە کە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین و دەستخۆشی لێکردن بۆ هەوڵەکانیان.

کوپەر ئاماژەی بەوەشکرد ڕێڕەوی سەرەکی کەشتیوانی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە ئێستا لە مینەکانی ئێران پاک بووەتەوە و ئەمەریکا بە کارکردن لەگەڵ دەزگاکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و پیشەسازی کەشتیوانی، سەرنجی لەسەر پاراستنی ڕەوتی هاتوچووی کەشتییە بازرگانییەکانە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سێنتکۆم ڕایگەیاندووە لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سەدا 95ی ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، بە سەلامەتی تێپەڕیون و ئەمەشی بە نیشانەی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئەمەریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانەوە ناو برد.