کۆشکی سپی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر کارەکانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ لە کەرتی وزەدا ڕایگەیاند ڕێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیاواز، زیادکردنی توانای پاڵاوتنی ئەمەریکا و ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی دابینکردنی سووتەمەنی دەبێتە هۆی دابەزینی خێرای نرخی بەنزین و گازۆیل.
کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە سیاسەتەکانی وزەی حکومەتی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە 25ی مانگی دە ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە و توانای پاڵاوتنی ناوخۆییش لە فراوانبووندایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کۆشکی سپی، دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆک ترامپ ڕێککەوتنێکی نەوتی لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕاگەیاند کە بریتییە لە دەستڕاگەیشتن بە 65 ملیار بەرمیل نەوت و بەگوێرەی کۆشکی سپی ڕەنگە یەدەگی نەوتی ئەمەریکا دوو هێندە بکات. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاوردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەمەریکا بە ڕێژەی زیاتر لە 400% زیادی کردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ماوەی نزیکەی دە ساڵی ڕابردوودا.
هەروەها کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە سەرۆک ترامپ لەگەڵ چەند وڵاتێک ڕێککەوتنی کردووە بۆ ئەوەی زیاتر لە 130 ملیۆن بەرمیل گازۆیل لە یەدەگەکانیان ئازاد بکەن. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی زیادکردنی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ناوچەکە ڕایگەیاندووە "بەهۆی بەهێزبوونی هێزەکانی ئەمەریکا و سەرکردایەتی سەرۆک ترامپەوە، ئێستا نەوتێکی زیاتر لە تەنگەی هورمزدا بە بەراورد بە پێش ململانێکان، دەگوازرێتەوە.
هەروەها کۆشکی سپی ڕێککەوتنێکی 54 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆریای باشوور و تایوان بۆ دروستکردنی بۆری گازی سروشتی لە ئەلاسکا ڕاگەیاندووە و دەڵیت ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت 10 ملیار دۆلار لە تێچووی وزە لە خەڵکی ئەلاسکا پاشەکەوت بکات.
ئەو ڕێوشوێنانەی دیکەی کۆشکی سپی کە ئاماژەیان پێکراوە، بریتین لە بەکارهێنانی یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوگەکان، سووککردنی سنووردارکردنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی سووتەمەنی و دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گازۆیل بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر و جووتیاران.
لەم ڕاپۆرتەدا بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی وزەی ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا گرتووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و فراوانکردنی دابینکردنی نەوتی جیهانی و کەمکردنەوەی سنووردارکردنی یاسایی بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی وزە بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکایی.
کۆشکی سپی: ڕێککەوتنەکانی سەرۆک ترامپ لە کەرتی وزە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین و گازۆیل
USA-TRUMP/BALLROOM