وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی بە هەندێک لە دیپلۆماتکار و خێزانەکانیان لە سعودیە کرد ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن، ئەمەش بە هۆی زیادبوونی هێرشی حوسییەکان.
فەرمانەکەی ڕۆژی چوارشەممە لەو کاتەدا هات کە هێرشەکانی حوسییەکان بوونە مایەی کوژرانی لانیکەم یەک کەس و بریندارکردنی هەشت کەسی دیکە لە فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی لە دەممام. هەروەها لە هێرشێکی تردا لە ڕێگەی درۆنەوە بۆ سەر کێڵگەیەکی نەوت دوو کەس کوژران.
تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە پۆستێکیدا لە ئێکس نوسیویەتی کە وەزارەت فەرمانی جێهێشتی دەکردووە بۆ کارمەندانی ناپێویست لە دۆخی فریاگوزاریدا کە لەگەڵ خێزانەکانیان سعودیە بەجێ بهێڵن.
ڕایگەیاند، "حوسییەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیکراون، هێرشەکانیان بۆسەر سعودیە زیادکردووە، لە نێوانیاندا هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی مەدەنی و ژێرخانی گرنگی دیکە کە بوونەتە مایەی خستنەوەی قوربانیی مەدەنی و پەکخستنی گەورەی گەشتکردن."
لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی لە 28ـی مانگی دوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە هۆی گرژییەکانەوە کارمەندانی خۆی لە چەندین وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کشاندەوە. بەڵام دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەندێک لەو کارمەندانە گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
پیگۆت ئەو هەواڵە ڕەت دەکاتەوە کە ئەمەریکا ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی فەرمانێکی وەها بۆ تەواوی وڵاتانی کەنداو دەر بکات و دەڵێت هەنگاوەکە تەنها لە سعودیە گیراوەتە بەر.
دەستەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی سعودیە ڕۆژی چوارشەممە هەواڵی هێرشێکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا فەهد لە دەممام بڵاوکردەوە کە بووەتە مایەی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی هەشت کەسی دیکە.
بەگوێرەی وەزارەتی وزەی ئەو وڵاتەش، لە هەمان ڕۆژدا دوو کەس کوژران کاتێک بەرگریی ئاسمانیی سعودیە بەری بە درۆنێک گرت کە هەوڵی پێکانی دامەزراوەیەکی ئارامکۆی لە کێڵگەی نەوتی شەیبا دا.
ڕۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان بەیاننامەیەکی بڵاوکرداوە و تێیدا هاتووە کە هاووڵاتییەکی هیندی کوژراوە و دوانی دیکە برینداربوون لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی دەممام.