سەرۆک ترامپ: ستیڤن هابەرد بە داوای ڕاستەوخۆ لە پوتن و بەبێ ئاڵوگۆڕی دیل ئازاد کرا

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ستیڤن هابارد کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن لەلایەن ڕووسیاوە دەستبەسەرکرابوو، لەسەر داوای ڕاستەوخۆی ئەو لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئازادکراوە.

ترامپ لە تروث سوشیاڵ ڕۆژی چوارشەممە، 21ی مانگی دە نووسیویەتی هەفتەی ڕابردوو لەکاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتن ئەو داوایەی کردووە و ئێستا هابارد لە ڕێگەی ماڵەوەیە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە بە خێزانەکەی شادببێتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئازادکردنی هابارد بەبێ هیچ ئاڵوگۆڕێکی دیل و ئیمتیازاتی بەرامبەر نەبووە و دەڵێت ڕەنگە ئەمە بۆ ڕووسیا بێ وێنە بێت.


ترامپ هەروەها ڕەخنەی لە ئیدارەی بایدن گرت کە نەیتوانیوە دانوستان لەگەڵ کرێملین بکات بۆ ئازادکردنی هابارد و وتی کە دەبوو گەڕانەوەی کرێملین ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ڕووبدات.

هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ لە سەنت پترسبۆرگ ئازادکردنی ستیڤن هاباردی پشتڕاستکردەوە.

فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە ئازادکردنی هابارد دوای ئەوە هات کە ترامپ فشاری خستە سەر پوتن. کۆمێرسانت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند هابارد لەسەر داوای ترامپ لە زیندان ئازاد کراوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ستیڤن هابەردی تەمەن 74 ساڵ، لەلایەن ڕووسیاوە وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی ئازادکراوە.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی هەواڵی ئازادکردنی هابەرد ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە داوای لە پوتن کردووە ئەو زیندانییە ئازاد بکات.

ڕێک دوو ساڵ لەمەوبەر دادگای ڕووسیا سزای شەش ساڵ و دە مانگ زیندانی بەسەر ستیڤن جەیمس هابەرددا سەپاند. تۆمەتبار کرابوو بەوەی کە وەک بەکرێگیراوێک لە دژی ڕووسیا شەڕی بۆ ئۆکرانیای کردووە.

بەگوێرەی لێدوانی دەسەڵاتدارانی دادوەری ڕووسیا، هابەرد کە لە شاری ئیزیوم لە ناوچەی خارکیڤی ئۆکرانیا ژیاوە، لەبەرامبەر مووچەی مانگانەی هەزار دۆلار، پەیوەندی بە یەکەیەکی سەربازی ئۆکرانیا کردبوو.

میدیاکانی ڕووسیا لەو کاتەدا ڕایانگەیاندبوو کە هابەرد دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. بەڵام خوشکەکەی و یەکێکی دیکە لە خزمەکانی دواتر لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز گۆمانیان لە ڕاستی دانپێدانانەکەی کرد.

وەڵامی ڤلادیمێر پوتن بۆ داواکارییەکەی ترامپ لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان ترامپ و ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاڵۆزتر بووەتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوشارەکانی لەسەر ئۆکرانیا زیاد کردووە بۆ ئەوەی زیاتر کاربکات بۆ ئاشتی و کەمکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ڕووسیا و ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت زیلێنسکی لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستاندا لەگەڵ ڕووسیا "بگاتە ڕێککەوتن".

ئۆکرانیاش نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ هەڵگرتنی هەندێک سزای سەر ڕووسیا دەربڕیوە.