فاینەنشاڵ تایمز: ترامپ ڕێگری لە پلانی نوێی ئیسرائیل کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە بڵاویکردووەتەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە هەڵمەتێکی بۆردومانی چەند ڕۆژە لە دژی کۆماری ئیسلامی بۆ 10ی مانگی ئۆکتۆبەر ئامادە بکەن، بەڵام دۆناڵد ترامپ دژایەتی ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بڕیاربووە هەڵمەتەکە چڕتر بێت لە هەڵمەتە هاوبەشە پێشووەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و بڕیاربووە هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی مەدەنی دیکەی ئێران و ئامانجەکانی پەیوەست بە حکومەت بکاتە ئامانج.

بەرپرسانی ئیسرائیل لیستی نوێی ئامانجەکانیان بە پشتبەستن بە زانیاری نوێ پێشکەش بە هاوتا ئەمەریکاییەکانیان کردووە. لیستەکە ژێرخانی مەدەنی لەخۆگرتووە کە لە هەڵمەتی پێشوودا نەکراونەتە ئامانج.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، سەرۆک ترەمپ نیگەران بووە لە دەستپێکردنەوەی شەڕەکە پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە بە میدترم ناو دەبرێن.

ئانا کێڵی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە دۆخی ئابووری و سەربازی کۆماری ئیسلامی خراپە و هێرشی ئەمەریکای بەر لە هەڵبژاردنەکانی میدترم ڕەتکردەوە.

سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە خولێکی دیکەی هێرشەکان لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەگەری هەیە و هەم ئیسرائیل و هەمیش ئەمەریکا بەشداری هێرشەکان دەکەن.

سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاندووە کە پێدەچێت ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ فشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی لە پرۆسەی دانوستاندا بێت و بڕیاری کۆتاییش لە دەستی سەرۆک ترامپدایە.

سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز وتووە "یان ڕێککەوتن دەبێت یان هێرش دەکرێت."

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی داواکارییەکانی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز نەداوەتەوە بۆ لێدوان و سوپای ئیسرائیلیش هیچ لێدوانێکی نەداوە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە بە شێوەی فەرمی هیچ لێدوانێکیان نەداوە کە بتوانێت ئەم ڕاپۆرتەی فاینەنشاڵ تایمز پشتڕاستبکاتەوە.