سەرۆک ترامپ: تەنیا ئەوە ماوە بڕیاری کۆتایی لەسەر چۆنییەتی سەرکەوتنمان بدەین

دۆناڵد ترامپ لە نووسینگەی خۆی لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا جەختی لەوە کردەوە کە تەنها شتێک ماوە ئەوەیە کە بڕیاری کۆتایی بدەین لەسەر ئەوەی "لە چ رێگایەکەوە سەرکەوین، بە ڕێگای باش یان بە ڕێگای خراپ."

سەرۆکی ئەمەریکا پێدەچوو مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی دانوستان و ڕێککەوتنەوە بێت یان لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەند جار ئەم خاڵەی خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە کە شەڕ لەگەڵ ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان بەم زووانە کۆتایی پێدێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە بەڵێنی دا شەڕەکە زۆر بە زوویی کۆتایی پێبێت. وتی ئێران پشتیوانی ژمارە یەکە بۆ تیرۆر لە جیهاندا و ئەمەریکا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە هێرشکردنە سەر خاکی ئێران.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لە وتووێژی ڕۆژی سێشەممەدا لەگەڵ ڕۆژنامەوانان باسی لە گەشتی چاوەڕواننەکراوی وەزیری جەنگی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل کرد.

ترامپ ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان پیت هێگسێت وەزیری جەنگ و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ناتوانێت لەم کاتەدا هیچ لێدوانێک لەسەریان بدات.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، بڵاویکردەوە پیت هێگسێت لەم هەفتەیەدا لە سەفەرێکی ڕانەگەیەندراو بۆ ئیسرائیل لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆبووەتەوە.

ئەو گەشتە لە کاتێکدایە تەنها هەشت ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئیسرائیل و هەروەها هەواڵ و لێکدانەوەکان باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان لە دژی ئێران دەکەن.