باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا ڕایگەیاند ئەمەریکا خوازیاری ڕێککەوتنێکی ئاشتییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی تەنگەی هورمز، بەڵام بێمتمانەیی قووڵی نێوان هەردوولا بە یەکتری، خەریکە هەوڵە دیپلۆماسییەکان تێکدەدات.
تۆم باراک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی جیهانی لە دەوحە رایگەیاند "ئەمەریکا خوازیاری ڕێککەوتنی ئاشتییە، ئەوەی لە سەرەتای ئەم وتووێژ و دانوستانانەوە ڕوویداوە، نەبوونی متمانەیە"
وتیشی "سوپای پاسداران متمانەی بە ئەمەریکا نییە، ئەمەریکاش متمانەی بە سوپای پاسداران نییە."
باراک جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکان پێویستیان بە چارەسەرێکە کە ڕێگە بە هەموو لایەنەکان بدات بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن. سەبارەت بە زیندووکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد وتی "پێویست ناکات سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە."
باراک ئاگربەستی تەنگەی هورمزی بە بنەمای ڕێککەوتنێکی فراوانتری زانی و وتی "ڕێککەوتنەکە دەبێت ئاگربەست لە تەنگەکە و ڕێوشوێنەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی ئێران لەخۆ بگرێت. ئەو جەختی کردەوە "خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتە تاکە وەڵامە."
یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە چوارچێوەیەکی 14 خاڵی پێکهاتبوو کە دۆناڵد ترامپ و مەسعود پزشکیان واژۆیان کردبوو کە ئاگربەستی 60 ڕۆژە و کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەخۆگرتبوو. ڕێککەوتنەکە پێشێل کرا کاتێک سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر ئەو کەشتیانەی کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕین.