ئەکسیۆس: هێگسێت لە گەشتێکی ڕانەگەیەندراو بۆ ئیسرائیل لەگەڵ نەتانیاهو کۆبوویەوە

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردوەتەوە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 19ی مانگی دە لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو بۆ ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئەمەریکا کۆبووەتەوە.

سەردانەکە تەنها هەشت ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل هاتوەتە ئاراوە، هەروەها لە کاتێکدایە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دژی ئێران تاوتوێ دەکەن.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەکسیۆس، کۆبوونەوەکە لە بنکەی ئاسمانی عوودا لە باشووری ئیسرائیل ئەنجامدراوە کە تێدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکای جێگیر کراون. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە شوێنی کۆبوونەوەکە بنکەیەکی ئاسمانی بووە لە بیابانی باشووری ئەو وڵاتە.

ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە هێگسێت لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکاش کە لە بنکەکەدا جێگیر بوون، کۆبووەتەوە. پنتاگۆن و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ڕەتیانکردووەتەوە هیچ لێدوانێک بدەن و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش وەڵامی داواکارییەکەی بۆ لێدوان لەوبارەیەوە نەداوەتەوە.

هەروەها کەناڵی 13ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند بەرپرسانی ئیمارات لە کۆبوونەوەی نهێنی وەزیری جەنگی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەیەکی ئاسمانی لە باشووری ئەو وڵاتە ئامادە بوون و گەشتەکەیان بە نهێنی بووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، هێگسێت وێنەی سەردانەکەی بۆ هێزەکانی ئەمەریکا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند سەردانی ئەو سەربازانەی کردووە کە لە ناوچەی ژێرکۆنتڕۆڵی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا جێگیرکراون.


گەشتەکەی هێگسێت لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر تەنگەی هورمز پەرەی سەندووە و هێرشی حوسییەکانی سەر بە ئێرانیش بۆ سەر سعودیە زیادی کردووە.

هەروەها ئەم سەردانە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیری نەتانیاهۆ کرد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی. ئەو دوو سەرکردەیە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت ئەوەی ماوەتەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا تەواوی بکەن.

بەڵام نەتانیاهۆ لەم مانگەدا بە میدیاکانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە پیش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل بە دوای هێرشکردنە سەر ئێراندا نییە. ترامپیش هەروەها ڕایگەیاندووە بەر لە هەڵبژاردنی میدترم هێرش ناکاتە سەر ئێران.

هەڵبژاردنەکانی هەفتەی داهاتووی ئیسرائیل یەکەم هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە دەبێت لە دوای هێرشی حەماس لە باشووری ئیسرائیل لە 7ی مانگی دەی ساڵی 2023.

لە وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و حوسێن موحێبی وتەبێژی سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شەڕەکە "قۆناغی سێهەم"ی هەیە کە هێشتا ڕووی نەداوە و ئەگەر ڕووبدات، پەردە لەسەر جوگرافیای نوێی شەڕ و ئامانجی نوێ و چەکی نوێ لادەبرێت.