سەرۆک ترامپ: ڕووسیا لە ئێستادا یارمەتییەکی ئەوتۆی ئێران نادات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ هەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکانی سەر ڕووسیا و ڕایگەیاند بڕیارەکە بۆ مانەوەی مۆسکۆیە لە دانوستانەکاندا.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە 18ی مانگی دە لە هەژماری تروث سۆشیاڵی خۆی نووسیویەتی دانوستان دەکات بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و نایەوێت بە هەنگاوێکی پەلە "ڕووسیا لە مێزی دانوستان دوور بخاتەوە."

سەرۆک ترامپ وتی "پێشکەوتنی گەورە" لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بەدیهاتووە، لەنێویاندا دانوستانە بەردەوامەکان لەسەر بارمتەکان.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانێکی جێبەجێکاری دەرکرد و بەشێک لە سزا و باجەکانی نوێی دژی ڕەوسیا و ئەو وڵاتانەی نەوت و گازەکەی دەکڕن پێش ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕاگرت و ڕایگەیاند ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمەریکادایە.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی گازۆیل لە ڕووسیا گرت و وتی ئەم هێرشانە زیان بە بازاڕی جیهانی گازوایل دەگەیەنن بە بازاڕی ئەمەریکاشەوە.

ترامپ لە بەشێک لە پۆستەکەیدا ڕایگەیاندووە ڕووسیا بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە دەیتوانی، "زۆر کەم" یارمەتی کۆماری ئیسلامی داوە.

ترامپ نووسیویەتی "ڕووسیا زۆر کەم بەبەراوەرد بەوەی کە دەیتوانی، یارمەتی ئێرانی داوە، ئەگەر هەر هەبێت، دەمەوێت دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە."