سەرۆک ترامپ: فەرەنسا دەسوتێت؛ سنوورەکان دابخەن و کۆنتڕۆڵی بکەن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ ڕەخنەی لە دۆخی فەرەنسا گرت و دۆخی کۆچبەری بە هۆکاری پشێوییەکانی ئەو وڵاتە ناو برد و داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد سنوورەکانی ئەو وڵاتە دابخەن و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

ترامپ لە پەیامەکەیدا کە ڕۆژی یەکشەممە،18ی مانگی دە بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی "فەرەنسا دەسوتێت! لێشاوی کۆچبەران لە جیهانێکی تەواو جیاوازەوە کە ڕق و کینە لە دڵیاندایە، وڵاتی فەرەنسای کە سەردەمانێک وڵاتێکی گەورە بووە، تێکداوە."

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا ڕوو لە بەرپرسانی فەرەنسا نووسیویەتی "پێش ئەوەی درەنگ بێت سنوورەکانتان دابخەن و کۆنتڕۆڵی بکەن."

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە فەرەنسا سەدان هەزار خوێندکار ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کەمیی مامۆستا و نالەباربوونی قوتابخانە ئامادەییەکانی فەرەنسا کە منداڵانی تەمەن 15 بۆ 18 ساڵان تێیدا دەخوێنن.

سەندیکاکانی کرێکاران و گرووپەکانی دیکەش بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردووە.

هەروەها "جلیقە زەردەکان" کە لە ساڵی 2018دا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانیان دژی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، ناوبانگیان دەکرد، بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە.

ناڕەزایەتییەکان لە فەرەنسا تا ئەمڕۆ ڕۆژی یەکشەممە 18ی ئۆکتۆبەر بەردەوامن و بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی پاریس، توندوتیژی و تاڵانکاری لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ئەنجام دەدرێت و لانیکەم شوێنەوارێکی مێژوویی شاری لیمۆج ئاگری تێبەردراوە و چەند شەقامێکی شارەکەش بەتەواوی وێرانبوون.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند تا ئێستا هەزار و 800 کەس لە خۆپیشاندەران دەستگیرکراون.