وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی بە تەواوی لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بەریتانیا هاوڕایە کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار بووە لە پلاندانان و ئاراستەکردنی هێرش بۆ سەر بنکەی ئاسمانی فێرفۆرد.
مارکۆ ڕوبیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بەرپرسانی بەریتانیا بە ڕوونی ئەوەیان خستووەتەڕوو کە ئێرانییەکان لە پشت هێرشی سەر ئەم بنکە ئاسمانییەوە بوون و هیچ هۆکارێکمان نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنە وردەدا ناکۆک بین، لە ڕاستیدا ئێمە بە تەواوی هاوڕاین و پشتگیری لە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی بەریتانیا دەکەین."
هەڵوێستی ئەمەریکاش لە بەڵگەنامەیەکی فەرمیدا تۆمار کراوە. لە بەیاننامەی هاوبەشی 29 وەزیری دەرەوە کە چەند ڕۆژ پێش ئیستا بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات کە واژۆکاران دان بە دەستوەردانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووداوەکەی بنکەی ئاسمانی فێرفۆرد لە 25ی ئۆکتۆبەردا دەنێن.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەو ئەنجامەی بەریتانییە کراوە کە ڕووداوەکە ئامادەیی بەردەوامی سوپای پاسداران بۆ فراوانکردنی چالاکی دوژمنکارانە لە دەرەوەی سنوورەکانی نیشان دەدات. ئەمەریکا و بەریتانیا دوو لە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیەن.
پۆلیسی بەریتانیا بەرەبەیانی 25ی ئۆکتۆبەر، "ڕووداوێکی گەورە"ی لە نزیک بنکەی فێرفۆرد ڕاگەیاند و پێنج پیاوی بەریتانیایی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر و تەقاندنەوەی دەستگیرکرد و دواتریش ئازادکران.
ئەندی بێرنهام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند پیلانەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بووە و دوای ئەمەش بەریتانیا سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی ئێرانی سەپاند.