ڤانس: شەڕ لەگەڵ ئێران پێویستە بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیندوو بکاتەوە

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەی دی ڤانس دەڵێت ئەمەریکا بە تێکدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بەدەستهێناوە، بەڵام دەبێت شەڕەکە بەردەوام بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆماری ئیسلامی توانا ئەتۆمییەکانی خۆی بنیات نانێتەوە و جیهانیش ڕووبەڕووی قەیرانی وزە نابێتەوە.

ڤانس لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز کە شەوی شەممە 17ی ئۆکتۆبەر پەخشکرا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی هێشتا ئەمەریکا سەرەڕای درێژخایەنی شەڕەکە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بەدەست نەهێناوە وتی "من دەڵێم لە هەندێک ڕووەوە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەمان بەدەستهێناوە، بەڵام ئێرانییەکان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر کاردانەوەیان هەبووە."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترامپ جەنگی دژ بە ئێرانی بە ئامانجی پێشگرتن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستپێکرد و وتی "کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی دەوڵەت بۆ تیرۆریزم لە جیهاندا" نابێت چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت.

ڤانس وتی "ئایا ئێمە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان لەناوبردووە؟ وەڵامەکە بەڵێیە."

پاشان وتی حکومەتی ئەمەریکا ئێستا دوو ئامانجی هەیە: یەکەم: بەڵێنێکی درێژخایەن و پشتڕاستکراوە لە ئێرانەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بنیات نانێتەوە، دووەمیش پێشگرتن لە قەیرانی وزەی جیهانی.

ڤانس بە ئاماژەدان بە ئەگەری بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لە داهاتوودا وتی "دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت: لە ماوەی پێنج ساڵدا، ئێرانییەکان دەتوانن ئەو جبەخانەی ئەتۆمییە بنیات بنێنەوە؟ ئایا دەتوانن توانای پیتاندنی خۆیان بنیات بنێنەوە؟".

جەی دی ڤانس لە درێژەی قسەکانیدا وتی کۆماری ئیسلامی وەک کاردانەوە بەرامبەر لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دروستکردنی ترس و تیرۆر لە ڕێڕەوی دەریایی وەڵامی داوەتەوە و ئەم کردەوانەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزەیە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە واشنتن دەبێت دڵنیابێت لەوەی کە قەیرانی وزەی جیهانی ڕوونادات لە کاتێکدا بەڵێنێکی پتەو لە ئێرانەوە وەردەگرێت بۆ بنیاتنەنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

وتیشی "من یەکەم کەس دەبم کە بڵێم نرخی گاز زۆر بەرزە و ئەگەر هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕێڕەوی نەوت و گازیان لە تەنگەی هورمزەوە بە کراوەیی نەهێشتایەتەوە، ئەوا نرخەکان سێ ئەوەندەی نرخی ئێستا دەبوون."

ڤانس هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئەمەریکا دوای لەناوچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئۆپەراسیۆنەکانی بوەستێنێت و لە ناوچەکە بکشێتەوە، ئەوا نرخی وزە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.