شیکاری: هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستی پێ کردووە و بە وردی چاودێری دەکرێت، لە کاتێکدا کۆماریی و دیموکراتەکان کێبڕکێ بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس دەکەن.
.

هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول چیە؟

لە ئەمەریکا، دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردنی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەر چوار ساڵ جارێکە.

ئەو هەڵبژاردنەی کە لە ناوەڕاستی ماوەی دەستبەکاربوونی سەرۆکدا ئەنجام دەدرێت بەشێوەیەکی باو ناسراوە بە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول.

هەڵبژاردنە فیدراڵییەکانی ئەمەریکا هەموو جارێک لە یەکەم سێشەممەی دوای یەکەم دووشەممەی مانگی یازدە لە ساڵە جووتەکاندا ئەنجام دەدرێت. ئەمساڵ هەڵبژاردنەکان دەکەونە 3ـی یازدەی 2026.

هاووڵاتی لە ئەمەریکا دەتوانێت بە سێ جۆر دەنگ بدات؛ جۆری باوی ئاسایی بریتییە لە دەنگدان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا. بەڵام دەنگدانی پێشوەختەش هەن کە بە دوو جۆر ئەنجامدەدرێن، یەکێکیان لەڕێگەی پۆستەوەیە کە دەنگدەری تۆمارکراو داوای فۆرمی دەنگدان لە لیژنەی هەڵبژاردنی ویلایەتەکەی دەکات و لەماڵی خۆی فۆرمەکە پڕ دەکاتەوە و لەڕێگەی پۆستەی فەرمییەوە ڕەوانەی دەکاتەوە و دەنگەکەی هەژمار دەکرێت. جۆرەکەی دیکە ئەوەیەکە لە ماوەیەک پێش ڕۆژی هەڵبژاردنەوە سندوقەکان ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی دەنگدەران لەماوەی ئەو چەند هەفتەیەی پێش ڕۆژی هەڵبژاردندا بچنە سەر سندوقەکان و دەنگ بدەن.

دەنگ بە کام کورسییانە دەدرێت؟

هەر 435 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمساڵ دەنگیان پێ دەدرێت، لەگەڵ 35 کورسی لە 100 کورسییەکەی ئەنجومەنی سێنات.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن، بەڵام ئەندامی سێنات بۆ ماوەی شەش ساڵ.

بەدەر لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان، ئەمساڵ 36 لە کۆی 50 ویلایەت، فەرمانڕەوەی ویلایەتەکانیان هەڵدەبژێرن.

کێ ئێستا کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەکات؟

لە ئێستادا کۆمارییەکان 53 کورسیی ئەنجومەنی سێناتیان هەیە و دیموکراتەکانیش 47 کورسی. لە کێبڕکێی سەر 35 کورسییەکەی سینات، ویلایەتەکانی ئەلاسکا، جۆرجیا، ئایەوا، کانزەس، مەین، میشیگەن، نیو هامشەر، کارۆلاینای باکور، ئۆهایۆ و تەکساس زۆرترین چاویان لەسەرە.

کۆمارییەکان لە ئیستادا زۆرینەیەکی بچووکیان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، و دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن چوار کورسی زیاتر ببەنەوە و کۆنترۆڵ بگرنە دەست.

لە ساڵی 1992ـەوە، تەنها یەک جار پارتی سەر بە سەرۆک لەوادەی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خوڵدا زۆینەی لەدەست نەداوە.

بۆچی گرنگە کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەلای کام پارتەیە؟

هەر پارتێک کۆنترۆڵی کۆنگرێسی لەدەستبێت ئەوا ئەو هاوسەنگیی دەستەڵات لە واشنتن دیاری دەکات و کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرنامەی کاری یاسادانان و کۆنترۆڵی کۆمیتەکانی کۆنگرێس.

ئەگەر کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوینەران و سێنات لەم هەڵبژاردنەدا بەدەست بهێنن، ئەوا رێگەی بەردەم سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئاسانتر دەبێت بۆ بەگەڕخستنی بەرنامەی کاری خوازراوی بۆ ئەو دووساڵەی کە لە خولەکەی ماوە.

ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینەی هەریەکێک لە یەکێک یان هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس ببەنەوە، ئەوا کاریگەریی زیاتریان دەبێت لەسەر یاساکانی وڵات، و پەسەندکردنی دادوەرە بەربژێرەکان کە تاوەکو کۆتایی ژیانیان لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، و هەروەها پەسەندکردنی بەربژێری هەر پۆستێکی فیدراڵی.