ترامپ دوو پرۆژەی مەزن لە نیویۆرک و ئالاسکا ڕا دەگەیەنێت

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە دوو پرۆژەی گرنگ لە ویلایەتەکانی نیویۆرک و ئالاسکا ڕا دەگەیەنێت کە بلیۆنان دۆلار وەبەرهێنانیان تێدا دەکرێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە سەردانی ویلایەتی ئالاسکای کرد و لە شاری واسیڵە گوتارێکی پێشکەش بە لایەنگرانی لە پارتی کۆماری کرد. دوای گەڕانەوەشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروث ''مەزنترین پرۆژەی لە مێژووی ئالاسکادا'' ڕا گەیاند.

دۆناڵد ترامپ دەڵێت کە کێڵگەیەکی تایبەت بە گاز بە ناوی پرۆژەی LNGـی ئالاسکا بە نزیکەی 45-55 ملیار دۆلار لە لایەن کۆماری کۆریای باشوورەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت کە کۆگاکردن و بۆڕیی گواستنەوە لەخۆ دەگرێت.


هەروەها نووسیویەتی کە وەزیری بازرگانیی ئەمەریکا هاوارد لوتنیک ڕێککەوتنێکی بە بڕی 70-80 بلیۆن دۆلار لەگەڵ تایوان کردووە بۆ کڕینی گازی ئەو کێڵگەیە کە دەکاتە 30%ـی بڕی تێپەڕبوو بە بۆڕییەکەدا لە بیست ساڵی داهاتوو. ئەمە جگە لەوەی کە تایوان بە بڕی 4.4 ملیار دۆلار پشکی وەبەرهێنانەکە دەکڕێت.

پێشتریش لە مانگی سێی ساڵی 2025ـدا وەزیری ئابووریی تایوان گوتبووی کە خواستی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی ئالاسکا خستووەتە ڕوو.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چەند جارێک کۆماری میللیی چین ناڕەزایی خۆی لە هەمبەر ڕێککەوتن لەگەڵ تایوان دەربڕیوە و چین پێی وایە کە دەبێت تایوان لە چوارچێوەی یەک چینی یەکگرتوودا مامەڵەی لەگەڵدا بکریت. بە تایبەت چین دژایەتی فرۆشتنی چەک بە تایوان دەکات کە وا پێ دەچێت ئەمەش بەشێک بێت لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە.

هەر لە هەمان ڕۆژدا سەرۆک ترامپ دروستکردنی کارگەیەکی چیپی نیوەگەیێنەر (Semiconductor)ـی ڕاگەیاند کە دەکەوێتە ماڵتا لە ویلایەتی نیویۆرک.

دۆناڵد ترامپ نووسیویەتی کە ئەم کارگەیە لە لایەن وەزارەتی بازرگانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و نزیکەی 28 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت. هەروەها نووسیویەتی کە، لە سەر ڕێنماییەکانی ئەو، وڵاتی ژاپۆن وەبەرهێنانەکەی بە بڕی 21 ملیار دۆلار دابین دەکات.


کۆشکی سپی دەڵێت ئەم وەبەرهێنانە بەشێکە لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایتییەکە بۆ دابینکردنی ئاساییشی تەکنەلۆژیا و دروستکردنی ئەو کەلوپەلە هەستیارانە بە دەستی کاری ئەمەریکایی. سەرۆک ترامپ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا گوتوویەتی کە ئەمە بەشێکە لە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ وەبەرهێنانەکانی ژاپۆن، کۆریا و تایوان لە ناوخۆی ئەمەریکادا و جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە لە دامەزراوەی مەزندا.