پاش پشکنینی ماڵی ئیلهان عومەر، هێشتا هیچ تۆمەتێکی فەرمی ڕانەگەیەندراوە

لێکۆڵەرانی فیدراڵی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ماڵی ئیلهان عومەر، ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان لە واشنتن پشکنی. وەزارەتی دادوەری ئەمەریکا دەڵێت ئەو پشکنینە لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی(HSI)ـوە ئەنجام دراوە و بە بڕیاری دادگا بووە. وەزارەتەکە دەڵێت پشکنینەکە بەشێکە لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تاوانی فیدراڵی کە هێشتا بەردەوامە.

ئەم رووداوە تەنها سێ هەفتە پێش هەڵبژاردنی نیوەخولی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی یازدە ئەنجامبدرێت کە تیایدا هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و نزیکەی سێ یەکی ئەنجومەنی سینات هەڵدەبژێردرێن.

ئیلهان عومەر نوێنەرێکی پارتی دیموکراتە لە ئەنجومەنی نوێنەران و یەکێکە لە دەنگە ناسراوەکانی ناو ئەو پارتە. ئەو لە سۆماڵ لەدایک بووە و لە ساڵی 1995 وەک پەنابەر لەگەڵ خێزانەکەی هاتە ئەمەریکا، کاتێک تەمەنی 12 ساڵ بوو. ساڵی 2000 بووە هاووڵاتی ئەمەریکا و ساڵی 2018 یەکەم ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا بوو کە سۆمالی-ئەمەریکایی بێت.

وەزارەتی داد پشتڕاستی کردووەتەوە کە پشکنینەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی تاوانی فیدراڵی ئەنجام دراوە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ تۆمەتێکی فەرمی دژی ئیلهان عومەر ڕانەگەیەندراوە و وەزارەتەکە وردەکارییەکانی کەیسەکەی بڵاونەکردووەتەوە.

لە هەمانکاتدا، چەند دامەزراوەیەکی هەواڵی گەورە، لەوانە ئەی بی سی نیوز و سی بی ئێس نیوز و رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاگادار لە لێکۆڵینەوەکە ڕایانگەیاند کە لێکۆڵەران سەرنجیان لەسەر بەڵگەنامەکانی کۆچبەری و پێشینەی کۆچکردنی خێزانەکەی عومەرە، لەوانە ئەو زانیاری و بەڵگەنامانەی کە باوکی کۆجکردووی دابینی کردوون. بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دادوەری بە فەرمی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست نەکردوونەتەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆک ترامپ لە مانگەکانی ڕابردوودا ئاماژەیان بە بوونی لێکۆڵینەوەکە کردبوو. لە مانگی پێنجدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، وتی حکومەت لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی پەیوەست بە ساختەکاری کۆچبەری دەکات. دواتر لە مانگی نۆدا، تۆم هۆمان، بەرپرسی تایبەت بەکاروباری سنوور، باسی لە بوونی لێکۆڵینەوەیەکی تاوانی کرد، بەڵام وردەکارییەکانی کەیسەکەی ئاشکرا نەکرد.

ئیلهان عومەر هەموو تۆمەتێک ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت ئەم لێکۆڵینەوەیە هۆکاری سیاسی لە پشتەوەیەو ئەو هەنگاوەی بە هەوڵێک بۆ لێدانی نەیارانی سیاسی ناو برد.

لە هەمانکاتدا، چەند سەرکردە و ئەندامی دیموکراتی کۆنگرێس، لەوانە حەکیم جێفریز، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕەخنەیان لە پشکنینەکە گرت و وتیان کە ئەم رووداوە پرسیار دروست دەکات سەبارەت بە ئەوەی ئاخۆ دەزگا فیدراڵییەکانی جێبەجێکردنی یاسا بۆ ئامانجی سیاسی بەکاردەهێنرێن یان نا. هەندێک لە ئەندامانی تری دیموکرات ئاماژەیان بە کاتی پشکنینەکە کرد و وتیان وەزارەتی دادوەری لە ڕابردوودا هەوڵی داوە لە وادەی نزیک لە هەڵبژاردندا دوور بێت هەر کارێک کە ڕەنگە والێکبدرێتەوە کە رەهەندی سیاسی هەبێت.

لەبەرامبەردا سەرۆک ترامپ، کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕەخنەی لە ئیلهان عومەر گرتووە، جارێکی تر ڕەخنەی لێگرتەوە، بەڵام وتی هیچ پەیوەندییەکی بە پشکنینەکەوە نییە و ئەو جۆرە بڕیارانە لەلایەن وەزارەتی دادەوە دەدرێن. هەروەها جەی دی ڤانس وتی پێشوەخت ئاگاداری پشکنینی ماڵی ئیلهان عومەر نەبووە.