ئاڕ جەی میت، ئەکتەری ناوداری 'برەیکینگ باد' کە رۆڵی کوڕە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی واڵتەر وایتی دەبینی، رۆژی دوو شەممە لە تەمەنی 34 ساڵیدا لە شاری بڕاونسڤیڵی ویلایەتی تەکساس گیانی لەدەست دا.
هەواڵی مەرگی 'واڵت جونیەر' یاخود 'فلین' لە بەیاننامەیەکی ئاژانسی بەڕێوەبەردنی لێهاتوویی پشتراست کرایەوە، بەڵام بەیاننامەکە هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا نەکردووە. ڕێکخەری پەیوەندییەکانی ئەوەی بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاست کردووەتەوە کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەکتەری خۆشەویست، خێرخواز، و داکۆکیکاری بەئەمەکی مافی خاوەن پێدوایستییە تایبەتەکان ئار جەی میت ڕادەگەیەنین."
میت رۆڵی هەرزەکارێکی دەگێڕا کە ئیفلیجی مێشکی هەبوو و ئیلهامی رۆڵەکەی لە ئەزموونی راستەقینەی ژیانی وەرگرتبوو، کاتێک لە زنجیرەی 'برەینکینگ باد' رۆڵی بینی وەک کوڕی واڵتەر وایت، مامۆستا کیمیای دواناوەندی کە دووچاری شێرپەنجە بووە و کەوتە ناو ژیانی تاوانکاریی دروستکردنی کریستاڵ.
میت رۆڵی کارکتەرێکی دەبینی کە بە دارشەق دەڕۆیشت و زمانی دەیگرت. لەگەڵ بەرەوپێشچوون و ناودەرکردنی زنجیرەکەدا، ئەویش زیاتر دەرکەوت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "میت وێنەیەکی راستەقینەی بەخشی بە رۆڵی کارەکتەرەکە و پێگەیەکی بۆ هۆشیاریی کەمئەندامی و بەشداریپێکردن دروستکرد." هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەی داوە کەئەکتەرەکە چالاک بووە لە چەندین رێکخراوی خێرخوازیی کە کاری تایبەتیان بریتیی بووە لە پارە کۆکردنەوە و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی بۆ دۆزی ئیفلیجیی مێشک و ناڕێکیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی ماسولکە.
برایەن کرانستن، هایزنبێرگ، لە پرسەنامەیەکدا بۆ مەرگی میت نوسیویەتی "ئاڕ جەی میت، کوڕە شیرینەکەم لە برەکینگ باد گیانی لەدەست دا." کرانستن باس لەوە دەکات کە میتـی لە تەمەنی 14 ساڵیدا ناسیوە کە رۆڵی واڵتەر وایت جونیەری وەرگرتووە و دەڵێت "بە ئیفلیجی مێشکەوە لەدایکبووە، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز نەیدەهێشت ئەو ئاڵنگارییە ببێتە پاساو بۆ هیچ شتێک و ئەو خشتەی کاتە قورسەی وێنەگرتنی زۆر بە پەرۆشەوە جێبەجێ دەکرد."
کرانستن ستایشی چالاکوانیی میت دەکات و دەڵێت "داکۆکیکارێکی زوڵاڵی نواندن و خاوەن پێداویستی تایبەت بوو."
زنجیرەی برەکینگ باد، کە ڕەخنەگران وەک یەکێک لە باشترین دراماکانی مێژوو ناوی دەبەن، لە ساڵی 2008 بۆ 2013، لە پێنج وەرزدا پەخشکرا و 16 خەڵاتی ئێمی وەرگرت، کە دوانیان بۆ باشترین زنجیرەی دراما بوون.
میت لە ساڵی 2021 رۆڵی زۆرنبازێکی دواناوەندیی گێڕا کە ئیفلیجیی مێشکی هەبووە لە زنجیرە درامایەکی هاوچەرخدا بەناوی "ترایەمف" (سەرکەوتن).
میت وتەبێژی کۆمەڵەی ئەکتەرانی تەلەفزیۆن بووە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و هەروەها باڵوێزی ناودار بووە لە یەکێتی ئیفلیجیی مێشک.