ترامپ: ئێران پشتیوانی ژمارە یەکە بۆ تیرۆر و هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی، ئێرانی بە پشتیوانی دەوڵەتی ژمارە یەک بۆ تیرۆریزم لە جیهاندا ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە شەڕەکە بۆ ڕێگریکردنی کۆماری ئیسلامییە لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ لایەنگرانی لە ویلایەتی ئۆهایۆ وتی "ئەوان هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنن و شەڕەکە زۆر بە زوویی کۆتایی دێت و هەر کە شەڕەکە تەواو بوو نرخی گازیش دادەبەزێت."

لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە تاران "پشتیوانی دەوڵەتی ژمارە یەکە بۆ تیرۆر لە جیهاندا" و هەر بۆیەش "ئەوەی سەرۆکەکانی دیکە دەبوو لەگەڵ ئێران بیکەن" ئەو کردوویەتی.

سەرۆکی ئەمەریکا پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی کۆنگرێس دەستیکردووە بە پێشکەشکردنی وتار بۆ لایەنگرانی خۆی و پارتی کۆماری لە سەرتاسەری وڵاتەکە، ئەمەش بە ئامانجی ڕاکشانی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان.

دۆناڵد ترامپ لە وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەدا جارێکی دیکە ئاماژەی بەوەدا کە بەڕێوبەرایەتییەکەی نازانێت لە تاران مامەڵە لەگەڵ کێ بکات.

ترامپ وتی "ڕاستگۆ بم لەگەڵتان ئێمە نازانین لەگەڵ کێ مامەڵە بکەیەن. پێموایە لە کوشتنی ڕێبەرەکانیاندا زیادەڕەویمان کردووە... دەمانتوانی لە قۆناغی یەکەم [کوشتنی سەرکردەکان] بوەستین. قۆناغی دووەم و قۆناغی دووەم و نیو ڕەنگە زیادەڕەویمان تێدا کردبێت."

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی ئابووری ئێران لە دوای جەنگ و هاوکات لەگەڵ گوشاری گەمارۆ بەربڵاوەکان کرد و وتی "ئەوان بەرزترین ڕێژەی هەڵئاوسانیان هەیە لە هەموو وڵاتێک لە جیهاندا. ئەوان پارەیان نییە. دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام نازانن چۆن."

کاتژمێرێک دوای ئەم وتارە، سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی تروث سوشیاڵی خۆی سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ ئێران بڵاوکردەوە و تیایدا ڕەتیکردەوە چین و ڕووسیا لەم شەڕەدا هاوکاری کۆماری ئیسلامییان کردبێت.

سەرۆک ترامپ نووسیویەتی "ئەگەر ئەوان [چین و ڕووسیا] یارمەتیدەر بن، ئەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەبێت، بەڵام باوەڕناکەم بە هیچ شێوەیەک یارمەتیدەر بن. ئەوان زۆر شت لەدەست دەدەن و ئێمەش دەمانزانی ئەگەر یارمەتیان دابێت. ئێمە زۆر بە خێرایی ئاگادار دەبووینەوە."