ئیلهام ئەحمەد: پرۆسەی تێکەڵکردنەکە لەگەڵ دیمەشق هەنگاوی ناوە بەڵام هێشتا مافەکانی کوردەوە یەکلانەکراونەتەوە

ئیلهام ئەحمەد

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند هەوڵەکانی دەدرێن بۆ تێکەڵکردنی دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هێزە لەشکرییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بەرەو پێشەوە هەنگاویان ناوە، بەڵام هێشتا لە بارەی مافەکانی گەلی کورد و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان یەکلانەکراونەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە لە میانەی دیداری میری لە هەولێر، ئیلهام ئەحمەد وتارێکی پێشکەش کرد و وتیشی تێکەڵکردنەکە لە ئێستادا یارمەتی داوە لە بەستنەوەی شارەکانی سوریا و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و ڕێگەدان بە ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

هەروەها فەرمانی سەرۆکایەتی سوریا بۆ دانپێدان بە ناسنامە و کولتور و زمانی کوردی بە هەنگاوێکی گرنگ ناودێرکرد، بەڵام وتی هێشتا بە کردەوە هەنگاویان بۆ نەنراون و بە تایبەتی پرسی فێرکردن بە زمانی کوردی.

هۆشداری دا کە هێشتا پرۆسەی تێکەڵکردنەکە لە قۆناغی ئەزمونیدایە، بۆیە داوا لە دیمەشق دەکات ڕێوشوێنی ڕوون بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنیان.

سەبارەت بە مافەکانی ژنان، وتی لەم قۆناغەدا بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.

حکومەتی قۆناغی گواستنەوەی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع لای خۆیەوە جەختدەکاتەوە کە پابەندە بە پرۆسەی تێکەڵکردنەکە و پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ کورد هەڵدەداتەوە لە پاش دەیان ساڵ لە ستەمکاری.

لە کۆتاییەکانی مانگی هەشت، شەرع بڕیاری ژمارە 164 ی دەرکرد کە تیایدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی بۆ کاروباری کورد ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێکی لێی دەڕوانرێت بە ئاڕاستەی ئامادەبوونی دیمەشق بۆ پەسەندکردنی نوێنەرایەتی کوردی لە حکومەتی نوێی سوریادا.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو شەڕڤانانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە پێشتر بێسەروشوێن بوون و مەزەندەدەکرێت نزیکەی 80 کەس بن، کەسوکارەکانیان داوای چارەنووسیان دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە، ڕۆژی دووشەممە کەسوکاری ژمارەیەک لەو شەڕڤانانە لە کۆبانی گردبوونەوە.

زەهیدە دەروێش کە کوڕەکەی پێش دە مانگ بێسەروشوێن بووە بە دەنگی ئەمەریکای وت، " چیتر بەسە، ئەوە کارێکی نامرۆڤانەیە. دەمانەوێت بزانین ڕۆڵەکانمان چییان بەسەر هاتووە."

سلێمان تەممۆ کە باوکی شەڕڤانێکی دیکەیە، وتی ئەو شەڕڤانانە بۆ چەندین ساڵ شەڕی دژی داعش و حکومەتی بەشار ئەسەدیان کردووە ناکرێت چارەنووسیان پشتگوێ بخرێن.