دوو ئەمەریکایی خەڵاتی نۆبێڵی ئابوورییان بردەوە

ئابوریناسانی ئەمەریکایی رۆبەرت ئی هۆڵ و مایکڵ وودفۆرد بوونە براوەی خەڵاتی نوبێڵی ئابووریی، بەهۆی کارەکانیان لەسەر کڵێشەی کارکردنی ئابووریی کە یارمەتی حکومەت و بانکە ناوەندییەکان دەدات مامەڵە لەگەڵ سەدمە ئابوورییەکانی وەک قەیرانی وزە و هەڵئاوسان بکەن.

کۆمیتەی نۆبێڵ دەڵێت، "توێژینەوەی براوەکان وای کردووە ئێستا، بەراورد بە پێشتر، بتوانرێت کاریگەرانەتر مامەڵە لەگەڵ قەیرانە سەرەکییەکانی ئابووریی گشتی بکرێت."

هەروەها دەڵین کاری ئەم دوو ئابوریناسانە "یەکجار بەسوودبوون لەوادەی پەتای کۆرۆنا و قەیرانەکانی وزە لەم ساڵانەی دواییدا."

هۆڵ لەگەڵ زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا کاردەکات، و وودفۆردیش لەگەڵ زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نویۆرک.

وودفۆرد لە نویۆرکەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ کۆمیتەی نۆبێڵ قسەیکرد و ووتی "شەرەفێکی یەکجار مەزنە، مایەی سەرسوڕمانیشە."

کۆمیتەکە رایگەیاندووە کە کاری براوەکان بناغەیەکی تیۆریی خولقاندووە بۆ ئەو کڵێشەی کارکردنانەی لە ئێستادا لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و حکومەتەکانەوە لە سەرتارسەی جیهان بەکار دەهێنرێن.

بۆ چەندین دەیە، حکومەتەکان بە پێڕەوکردنی ڕێبازی جۆن مەینارد کێنزی، ئابوریناسی بەریتانیی، کاردانەوەیان بەرامبەر سەدمە ئابوورییەکان دەبوو، کە ئەویش بریتیبوو لە دەستخستنە ناو کارکردنی ئابوریی وڵات لەڕێگەی کەمکردنەوەی باجەکان و زیادکردنی خەرجییەکانی حکومەت؛ بەو پێیەش هاندانی بەکاربەران و خاوەن کارەکان تاوەکو پارە خەرج بکەن و وەبەرهێنان بکەن و یارمەتی دەستپێکردنەوەی گەشەی ئابووریی بدەن.

تیمۆ بۆپارت لە کۆمیتەی نۆبێڵ ووتی "ئەمە ڕێبازی کێنز بوو و کاریگەریش بوو، تاوەکو ئەوکاتەی لە کاریگەریی دەکەوت."

هەندێک ئابووریناس دەیانوت هەوڵەکانی حکومەت بۆ دەستوەردانە ئابووریی دەبووە مایەی شکست. بەڵام هۆڵ و وودۆرد، هەریەکەیان بەجیا، دەستیان دایە باشترکردنی کڵێشەی کارکردنەکەی کێنز تاوەکو ئەوەش لەخۆبگرێت کە بەکاربەر و خاوەن کارەکان لە ڕاستیدا چۆن بڕیاردەدەن لەوەی کە ئایا وەبەرهێنان بکەن یاخود خەرج بکەن.

کۆمیتەی نۆبێڵ نوسیویەتی، "دەرئەنجامە ئابوورییەکان بەرهەمی ملیۆنان بڕیارن کە لەسەر ئاستی خوارەوەی ئابووریی لەلایەن خێزانەکان و خاوەن کارەکانەوە دەدرێن." و هەروەها ئەوەشیان نوسیووە کە "بەکارهێنانی کڵێشەی کارەکان بەگوێرەی ئەم ڕێبازە، نەوەک تەنیا بەسادەیی تێگەیشتن لە ئابووری لە دیدی گشتییەوە،... توێژینەوەکانی هۆڵ و وودفۆرد بوونە مایەی بەرهەمهێنانی گۆڕینی ئاراستەی کار لە تیۆرەی سیاسەتی کارەکانی سەقامگیرکردندا."

هۆڵ لەوەی کۆڵییەوە کە بڕیارەکانی بەکاربەران لەبارەی ئەوەی چەند خەرج بکەن بەند بوو لەسەر ئەوەی کە چاوەڕوانیان کردووە داهاتیان لە داهاتوودا چەند دەبێت.

کۆمیتەکە نوسیویەتی، "ئەگەر ئەوان گەشبین بووبن، ئەوا بەکاربردنیان زۆرتر بووە لەوەی ئەگەر ڕەشبین بووبن."