سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕووسیا ڕازی بووە ملیۆنان هەزار تۆن گازۆیل بخاتە بازاڕەوە

Trump

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی "زۆر بەرهەمدار"ـی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن ڕاگەیاند، کە تێیدا ڕووسیا بڕیاری داوە برێکی زۆر لە گازۆیل بخاتە بازاڕەوە بۆ دابەزاندنی نرخی وزە.

ترامپ ئێوارەی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "هەر ئێستا کۆتاییم بە گفتوگۆیەکی زۆر سەرکەوتووانە لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمێر پوتینی ڕووسیا ‌هێنا، تێیدا ڕێککەوتن کرا کە ڕووسیا دەستبەجێ زیاتر لە 300 هەزار تۆن سووتەمەنی دیزڵ بۆ بازاڕی ئەمەریکا و جیهان دابین بکات، 500 هەزار تۆنی دیکە لە ماوەی مانگی یازدەدا و ملیۆنێک تۆنی تر دوای ئەو ماوەیە دابین دەکات."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاشکرای کرد سەرۆکی ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە، "بە گوێرەی دۆخی پاڵاوگەکانی" ڕووسیا، لە داهاتووێکی کورتدا سێ ملیۆن تۆن گازۆیلی تر بخاتە بازاڕەوە.

ترامپ دەڵێت، "لە نێوان کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر گەرووی هورمز و ئەم ڕاگەیاندنە گەورەیە دەربارەی وزەی ڕووسیا، ئیتر نرخی گازۆیل بۆ ئەمەریکاییەکان و، لەڕاستیدا، جیهان بە ژمارەیەکی پێوانەیی و خێراق دێتە خوارەوە!"

سەرۆک ترامپ ئەمە بە ڕاگەیاندنێکی "زۆر گەورە" و گرنگ ناو دەبات و دەڵێت دابەزینی نرخی وزە بۆ گەلی ئەمەریکا، بە تایبەت بۆ جووتیاران و خاوەن بارهەڵگرەکانن، ئامانجی لەپێشینەیەتی.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترامپ هەروەها جارێکی تر جەخت دەکاتەوە لەوەی ئێران ناتوانێت ببێت بە خاوەن چەکی ناوەکی.

دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمێر زیلێنسکی پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا نیگەرانی خۆی لەمەڕ ئەگەری سوککردنی سزاکانی سەر ڕووسیا دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە "ڕووسیا بە تیرۆر و ناپاکی زیاترەوە 'پاداشتی' ئەو گازۆیلە دەداتەوە."