ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشی حوسییەکان دەکات بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز

ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا خالید لە ڕیازی پایتەختی سعودیە کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی دژی سعودیە و حکومەتی شەرعی یەمەنی کرد.

جێف بارتۆس، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و چاکسازیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە یەمەن ڕایگەیاند واشنتن بە قووڵی نیگەرانە لە پەرەسەندنی هێرشەکانی حوسییەکان.

ناوبراو بە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر ژێرخانی مەدەنی و فڕۆکەخانەکان وتی ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و بێبایەخی و بێباکی ئاشکرای حوسییەکان بە ژیانی مرۆڤەکان نیشان دەدات.

نوێنەری ئەمەریکا هەروەها داوای لە ئێران کرد کۆتایی بە پشتیوانییەکانی لە حوسییەکان بهێنێت. وتیشی "داوا لە حوسییەکان دەکەین هێرشەکانیان لەدژی حکومەتی شەرعی یەمەن و سعودیە ڕابگرن، داواش لە ئێران دەکەین کە کۆتایی بە پشتیوانییەکانی بۆ حوسییەکان بهێنێت."
کاربەدەستانی سعودیە ڕایانگەیاندووە لە ئەنجامی دوو هێرشی مووشەکی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا خالید لە ڕیاز، سێ هاووڵاتیی سعودی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

هەروەها هێڵی ئاسمانی عەرەبستانی سعودیە پشتڕاستی کردەوە کە کاپتن حەمود عەلی ئەلکاتمی کە یەکێکە لە فڕۆکەوانەکانی کۆمپانیاکە لەنێو قوربانییەکان بووە. بەگوتەی کۆمپانیاکە، یەکێک لە فڕۆکەکانیشی لەکاتی نیشتنەوەدا زیانی پێگەیشتووە، بەڵام لەکاتی هێرشەکەدا هیچ سەرنشینێک لەناو فڕۆکەکەدا نەبووە.

ئەم هێرشانە بووەتە هۆی ئەوەی چەندین هێڵی ئاسمانی لەوان هێڵی ئاسمانی هیندستان و هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی پاکستان و کۆمپانیای لوفتانزا بەشێوەیەکی کاتی گەشتەکانیان بۆ ڕیاز ڕابگرن.

هانس گروندبێرگ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن بە ئەنجومەنی ئاسایش وت حوسییەکان هەڕەشەن بۆ سەر ئازادی کەشتیوانی و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها مەترسی دروستکردن بۆ سەر ژیانی خەڵکی مەدەنی.

گرۆندبێرگ ئاماژەی بەوەشکرد هێرش و هەڕەشەکانی گروپەکە لە دژی کەشتییە بازرگانییەکانی پەیوەست بە سعودیە لە دەریای سووردا، گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

گروندبێرگ هۆشداریی داوە کە ململانێکان جارێکی دیکە بەرەو شەڕێکی تەواو دەڕوات و هەڕەشە دەریاییەکانی حوسییەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بازرگانی جیهانی و بازاڕەکانی وزەی نێودەوڵەتی.

هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە یەمەن دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە لە دوای پەرەسەندنی شەڕەکان لە مانگی نۆ زیاتر لە 200 هەزار کەس ئاوارە بوون.