سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا پێدەچێت دەست بەسەر یەک ملیار دۆلار دراوی دیجیتاڵی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەم هەفتەیەدا بگرێت.
بەسێنت ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ نیوزماکس لە واشنتن جەختی لەوە کردەوە کە هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی ئابووری ئێران" کاریگەر بووە.
جگە لە درێژەدان بە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران کە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە سەپێنراوە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری دەستیکردووە بە چڕکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران.
هەر لە چوارچێوەی ئەم پلانە بوو کە ئەمەریکا سزای سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانی دا و دوابەدوای ئەوە ژمارەیەک وڵات لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیان لە فڕۆکەخانەکانیان قەدەغە کرد.
بەسێنت وتی ستراتیژی حکومەتی ئەمەریکا بۆ ئەوە دانراوە کە حکومەتی ئێران بە تەواوی گۆشەگیر بکات و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگاکانی گواستنەوە و سەرچاوە داراییەکان ببڕێت.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن سەروەت و سامانی دارایی لە دەرەوەی سیستەمی بانکی تەقلیدیش دەکاتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد "پێدەچێت لەم هەفتەیەدا دەست بەسەر یەک ملیار دۆلار دراوی دیجیتاڵیدا بگرین" و وتی "دەزانین ئەم سەروەت و سامانانە لە کوێن و خەریکین بە تەواوی گۆشەگیریان دەکەین."
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا هەروەها گاڵتە بە سەفەری دەرەوەی کاربەدەستانی ئێرانی کرد و وتی "ئیتر ئەندامانی سوپای پاسداران ناتوانن بچنە لای پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری لە لەندەن و سەردانی ژنە دۆستەکانیان لە پاریس و پارەکانیان لە ژنێڤ بکەن."
بەسێنت هەروەها وتی گۆشەگیرکردنی بەرپرسانی حکومەت لە ناوخۆی ئێراندا دەتوانێت فشاری دەروونی بخاتە سەر سەرکردایەتی وڵاتەکە.