وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا سەبارەت بە ڕۆڵی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ عێراق و سوریا لە پرۆژەی بۆری نەوتی کەرکوک–بانیاس، ڕایگەیاندووە باراک هیچ بەرژەوەندییەکی دارایی لەو پرۆژەیەدا نییە و پابەند بووە بە ڕێساکانی ئەخلاقیی حکومەتی ئەمەریکاوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاویکردووەتەوە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ عێراق و سوریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا، هەوڵیداوە بوژاندنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس لە رێگەی کۆمپانیای هاورێ و هاوبەشێکی بازرگانیی دێرینی خۆی بەرێوە بچێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە ڕۆژی هەینی،9ـی مانگی دە بڵاویکردووەتەوە باراک هەوڵی داوە پڕۆژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی سوریاوە بەیارمەتی کۆمپانیای تی ئای کاپیتاڵ ئەنجام بدرێت کە کۆمپانیایەکی تایبەتە و لەلایەن زیاد غاندوور، هاوڕی و هاوبەشی باراک بەڕێوە دەچێت.
عێراق و سوریا لە مانگی هەشتدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ کۆنسۆرتیۆمی کۆمپانیای تی ئای کاپیتال و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکایی و کۆمپانیای یو سی سی هۆڵدینگی قەتەر واژۆکرد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تەکنیکی و دارایی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو بۆرییە. ئامانجی پڕۆژەکە گواستنەوەی نەوتی عێراقە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست و تێپەڕاندن و وەلاوەنانی تەنگەی هورمز.
سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایانگەیاندووە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێرانەوە، باراک هەوڵی ئەوە دەدات غاندوور پەیوەندی بە پرۆژەکەوە بکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و سوریادا گفتوگۆ بکات. هەروەها ناوبراو و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە 16ی مانگی شەش بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی بڕیارەکەی عێراقیان کرد "بۆ پێشخستنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تی ئای کاپیتاڵ بۆ زیندووکردنەوەی بۆری کەرکوک- بانیاس".
بەرژەوەندییە داراییەکان و ئەگەری ناکۆکی بەرژەوەندییەکان
بەڵگەنامە داراییەکان دەریدەخەن کە باراک لە ساڵی 2025 پێش ئەوەی ڕۆڵی دیپلۆماسی خۆی بگرێتە ئەستۆ، سەبارەت بە داراییەکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە بەرژەوەندی لە کۆمپانیای ACD-TI Oakley Investment LLC هەیە کە دامەزراوەیەکی وەبەرهێنانی خانووبەرەیە و لەلایەن تی ئای کاپیتاڵ لە نزیک سانفرانسیسکۆ بەڕێوەدەبرێت، کە ڕێگەی پێدەدات تا 20%ـی قازانجی کۆمپانیاکە وەربگرێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە باراک ڕاستەوخۆ سوود لە پرۆژەی بۆرییەکە وەربگرێت. بەڵام چەند کەسێک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە ڕەنگە ئەم کارە پێشێلکردنی ئەخلاق و ریساکانی کۆشکی سپی بێت کە ڕێگە نادات بە بەرپرسانی حکومەت پێگەی خۆیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکاربهێنن.
ڕیچارد پێینتەر، پارێزەری پێشووی باڵای ئەخلاقی کۆشکی سپی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە پەیوەندی بازرگانی باراک لەگەڵ غاندور وا دەکات پشتگیریکردنی بۆ هاوبەشی تی ئای کاپیتاڵ لە ڕوانگەی ڕیسا ئەخلاقییەکان و بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکانەوە پرسێکی جددی بێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە باراک هیچ ڕۆڵ و پەیوەندی و بەرژەوەندییەکی دارایی لە پرۆژەی بۆری کەرکوک- بانیاسدا نەبووە و پابەند بووە بە یاسا ئەخلاقییەکانەوە. وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە لێدوانەکانی سەبارەت بەو بۆرییە بەشێکە لە سیاسەتێکی درێژخایەنی ئەمەریکا بۆ یەکخستنی وزەی ناوچەیی.
نووسینگەی باراک و کۆمپانیای شیڤرۆن ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز بدەن. هەروەها تی ئای کاپیتاڵ،غاندور و یو سی سی هۆڵدینگ وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوانیان نەداوەتەوە.
هێڵی بۆری کەرکوک- بانیاس کە بۆ دەیان ساڵ نەوتی عێراقی دەگواستەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستی سوریا، لە ساڵی 2003ـێوە لەکارخرا. چەند سەرچاوەیەک لە مانگی هەشتدا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە پڕۆژەکە لانیکەم چوار ساڵی دەوێت دووبارە دەست بەکار بکاتەوە و نزیکەی 15 ملیار دۆلاری تێدەچێت بۆ نۆژەنکردنەوە.