سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەمەریکا پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە لە ئێران نادات

Trump

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروث ڕایگەیاند کە ''پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هێرش ناکەینە سەر ئێران.''

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا بەوەی لە ئێستادا "گفتوگۆی بەرهەمدار" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکرێت و جەختی کردەوە لەوەی ڕێگە بە تاران نادات ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، "لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆی بەرهەمدار دەکەین. دەمەوێت بۆ هەمووانی ڕوون بکەمەوە کە، لە کاتێکدا ئێران چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سەربازییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، و لە کاتێکدا کە گەمارۆکەی ئەمەریکا بە تەواوی هێز و کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی بە ڕێژەیەکی پێوانەیی نەوت بە بەرمیل بە گەرووی هورمزدا دەڕوات... ئێمە لە هیچ کاتێکدا پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی، کە لە 3ـی مانگی یازدە لە ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت، هێرش ناکەینە سەر ئێران."

هەروەها سەرۆک ترامپ نووسیویەتی کە گەمارۆی سەر ئێران وەکوو خۆی دەمێنێتەوە لە کاتێکدا نەوت بە هەمان ڕێژەی پێشتر بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت. سەرۆکی ئەمەریکا گوتوویەتی ''تەنیا لە شەوی ڕابردوودا 22 ملیۆن بەرمیل لە گەرووەکەوە تێپەڕ بووە بەبێ ئەوەی ئێران بتوانێت یەک بەرمیل هەناردە یان هاوردە بکات.''

لە کۆتاییی پۆستەکەشیدا نووسیویەتی ''ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.''

شایەنی باسە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی گوتووە کە گفتوگۆکان بەردەوامن و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆماری ئیسلامیی وەڵامی ئەمەریکا دەداتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا گوتوویەتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ ''هەموو بژاردەکانی لەبەر دەستدایە.''

هەروەها کۆشکی سپی دەڵێت لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە بەو پێیەی کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمزی کردووە "لە کاتێکدا ئابووریی ئێران خەریکە بە تەواوی هەرەس دێنێت.''

سەرۆکی ئەمەریکا چەند جارێک ئەوەی ڕا گەیاندووە کە بابەتی ئێران "بەم زووانە کۆتایی دێت، ئیتر بە خۆشی بێت یاخود بە ناخۆشی."

هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاسی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ڕێککەوتی 3ـی مانگی یازدەدا بەڕێوە دەچن، تێیدا دەنگدەرانی ئەمەریکا جگە لە هەڵبژاردنی بەربرژێرانی کۆنگرێس، هەروەها دەتوانن دەنگ بدەنە ئەو کەسانەی بۆ پۆستەکان لەسەر ئاستی ویلایەت و شار و ناوچەکاندا کاندید کراون.