Accessibility links

ترامپ: بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی بەزوویی بابەتی ئێران تەواو دەکەین

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سەردانی شاری باڵتمۆری کرد لە ویلایەتی ماریلاند بە مەبەستی ڕاگەیاندنی پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ پیشەسازانی ئاندروڵ بە بڕی 6.6 ملیار دۆلار لە بواری ئەو کەشتییە جەنگییانەی کە بە وزەی ئەتۆم کار دەکەن، ئەمەش لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئەمەریکا.

لە کاتی سەردانەکەیدا دۆناڵد ترامپ قسەی لە بارەی ئێرانەوە کرد و گوتی، ''ئابوورییەکەیان وێران بووە. دووچاری جۆرێک لە هەڵاوسانی ئابووری بوون وەک هیچ وڵاتێکی تر لە هیچ شوێنێکی تری جیهان نییە.''

هەروەها ستاییشی ئاستی سەربازانی ئەمەریکای کرد و لە هەمان کاتدا سەرسامیی خۆی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێران دەربڕی و گوتی، ''لە سایەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکادا، دەیان سەرکردەی تیرۆریستی ئێرانمان لەناو بردووە و ناردمانن بۆ دۆزەخ. وەک دەزانن سەرکردەکانیان لەناو چوون. کۆمەڵەی دووەمی سەرکردەکانیشیان نەماون. گەورەترین کێشە کە من هەمە ئەوەیە کەس نازانێت کێ ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبات. کەس نازانێت!''

دۆناڵد ترامپ لە بارەی بارودۆخی ئێرانەوە گوتی کە ''ئێران ملهوڕ و کەڵەگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بەڵام چی دیکە ئەو توانایەی نەماوە. بەڵام ئێمە دەبێت کارەکە تەواو بکەین و بڕیار بدەین لەوەی کە بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی. بەم زووانە ئەمەش دەبینن.''

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش بەردەوام داوای ڕێککەوتن دەکەن. مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ''ئێران لە ڕێککەوتن ڕاناکات''. سەرباری ئەمانەش هێشتا ئەم دوو وڵاتە نەگەییشتوونەتە لێکتێگەییشتنێکی هاوبەش.

لە لایەکی دیکەوە جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا ئەمەریکا خوازیاری گەییشتنە ڕێککەوتنن و مەرجی ئەوەیە ئێران توانا ئەتۆمییەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێت ئەگەر مەرجەکانی بەدی بێن و ڕێککەوتنەکە هاوسەنگ بێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG