وەزارەتی جەنگ کەشتی جەنگیی ئەبراهام لینکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەمەریکا دەگوازێتەوە

فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کەشتی زەبەلاحی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن بەرەو ویلایەتی کالیفۆرنیا دەگەڕێتەوە، ئەمەش نزیکەی 10 مانگ دوای جێگیرکردنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران.

سێنتکۆم ئەرکی بەڕێکردنی ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەی بۆ ناوچەکە بە "مێژوویی" ناو برد و ڕایگەیاند، "زیاتر لە 5 هەزار سەرنیشین و هێزی دەریایی سەر کەشتییەکە هاوکار بوونە لە ئەنجامدانی هەزاران ئەرکی ئاسمانی سەربازیی و زیاتر لە 90 هەزال میل ڕێگەیان بڕیوە."

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو کەشتی ئەبراهام لینکنی لە کەناراوەکانی سان دیێگۆوە بەڕێ کرد. مانگی یەکی 2026 کەشتیەکە گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 28ـی مانگی دووی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی دەستیان پێ کرد.

سێنتکۆم لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی گواستنەوەی کەشتییەکە بۆ ئەمەریکا، هەروەها دڵنیایی دا لە جێگیرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەی سێنتکۆم براد کوپەر وتوێژێکی سەرهێڵی لەگەڵ نوێنەرانی چەندین هاوبەشی نێودەوڵەتیی ئەمەریکا لە بواری کەشتیوانیدا ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر زیادبوونی جوڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز کرایەوە.

سێنتکۆم ڕایگەیاند، "لە چەند مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئەمەریکا پشتگیریان کردووە لە هەناردەکردنی زیاتر لە ملیارێک و 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەلایەن هاوبەشەکانمان لە کەنداو و لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە. لەبەرامبەردا، بەهۆی گەمارۆی پۆڵاینی ئەمەریکاوە، ئێران هیچ نەوتێکی هەناردە نەکردووە."