فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، سێنتکۆم جارێکی دیکە بانگەشەکانی سوپای پاسدارانی ئیرانی ڕەتکردەوە کە دەڵێن تەنگەی هورمز داخراوە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئێراندایە و ڕایگەیاندووە ئەمەریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی کۆنترۆڵی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە دەکەن.
سێنتکۆم لە پەیامێکدا لە ئێکس ڕۆژی پێنجشەممە 8ی مانگی دە، بانگەشەکانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی بە "هەڵە" ڕاگەیاند و وتی "لە ئێستادا هاتوچۆ بەو تەنگەیەدا بەردەوامە و باری بازرگانی و وزە، لەنێویاندا 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، پێیدا دەگوازرێتەوە."
پەیامەکەی سێنتکۆم لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی عەلی محەمەدی، جێگری سیاسی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاوکراوەتەوە کە قسەکانی بەرپرسانی ئەمەریکای ڕەتکردووەتەوە و پرسیاری ئەوەی کردووە ئەگەر نەوتهەڵگرەکان بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن کەواتە بۆچی بازاڕی نەوت وەڵامدەرەوە نییە و نرخەکان تا دێت بەرزتر دەبنەوە.
هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێزی دەریایی سوپای پاسداران "کۆنترۆڵی تەواوەتی" بەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە کەنداو، تەنگەی هورمز و دەریای عومان هەیە."
داتاکانی کۆمپانیای کەپڵەر کە بەدواداچوون بۆ هاتوچووی کەشتییەکان دەکەن، دەریدەخەن کە تێکڕای گواستنەوەی نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 30ی مانگی نۆ گەیشتووەتە 18.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و قەبارەی هەناردەکردن لە ماوەی 14 ڕۆژی مانگی نۆدا، زیاتر بووە لە ئاستی پێش جەنگیش.
کەپڵەر مەزەندە دەکات کە لە ئێستادا نزیکەی لەسەدا 40ی هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە لە ڕێگاکانی ترەوە جگە لە تەنگەی هورمز ئەنجام دەدرێت.