دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە هەژماری ترامپ بۆ هەموو منداڵانی ئەمەریکا چالاک دەکەن بە ئامانجی دابینکردنی ئاییندەیەکی ڕۆشن بۆ نەوەی داهاتوو.
پێشتر هەژماری ترامپ لە لایەن هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەند کرا، تێیدا هەر خێزانێک دەتوانێت بۆ منداڵەکەی چالاکی بکات و بڕی 1000 دۆلاری حکوومەتیشی وەکوو دیاری تێدایە بۆ ئەو منداڵانەی لە نێوان 2025 بۆ 2028 لە دایک بوون یان لە دایک دەبن.
هەروەها ساڵانە خێزانەکان دەتوانن بڕێک پارە بخەنە سەر هەژماری منداڵەکانیان و ئەو داهاتەی دەخرێتە سەر ئەو هەژمارانە باجی لێ نادرێت.
پارەی سەر هەژماری منداڵان تەنیا دوای گەورەبوونی منداڵەکە و گەییشتنە تەمەنی هەژدە ساڵی دەتوانرێت ڕا بکێشرێت یان بەکار بهێندرێت.
لە کاتی ڕاگەیاندنەکەدا سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا هاوکاریی ئەم پرۆژەیەیان کردووە. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە پارەیان بەخشیوە بۆ ئەوەی بخرێتە سەر ئەم هەژمارانە.
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند لەمڕۆوە حکوومەت هەژمار بۆ هەموو منداڵانی ئەمەریکا دەکاتەوە و ئیدی تەنانەت پێویست بە چالاککردن ناکات. بەڵام دایک و باوکان دەتوانن هەژماری منداڵەکانیان بکەنەوە و پارەی بۆ زیاد بکەن.
دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند بەهۆی هەژماری ترامپەوە ئیتر هەر منداڵێکی ئەمەریکایی هەژماری وەبەرهێنانی هەیە و ساڵانە ئەو پارانە دەخرێنە وەبەرهێنانەوە و قازانجەکەش بۆ هەژمارەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی زیاد دەکرێت.
دواتر هەر یەک لە سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینە و چەند ئامادەبووێکی دیکە قسەیان کرد و پیرۆزبایی ئەو هەنگاوەیان کرد و ڕۆژنامەوانان پرسیاری زیاتریان لە سەرۆک و وەزیرەکان کرد.