ڕوبیۆ: پاڵەوانانی ئەمەریکا گیانفیدایی بۆ وڵات دەکەن بەڵام وەک مەلا توندڕەوەکانی ئێران مەرگپەرست نین

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان جەختی لەسەر پاراستنی دیموکراسی و بەهاکانی خۆرئاوا کردەوە، سەرەڕای هێرشکردنە سەر ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەوەی "بانگهێشت بۆ مەرگ" دەکات.

مارکۆ ڕوبیۆ لە گردی فینیقی لە ئەسینای پایتەخت، کە شوێنی لەدایکبوونی دیموکراسی کۆنە، ئەمەریکای بە درێژەپێدەری میراتی شارستانی یۆنان و ڕۆمانییەکان وەسف کرد و داوای بەهێزکردنەوەی گڕوتینی "ڕۆحی ڕۆژئاوا"ـی کرد لەسەر بنەمای ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و بەهاکانی.

سەبارەت بە ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "مەلا ڕادیکاڵەکانی ئێران بانگهێشت بۆ مەرگ دەکەن، منداڵی خۆکوژ وەک پاڵەوانی نیشتمانی دەناسێنن، و برەویش بە شەهیدبوون دەدەن وەک ئامانجێک."

ڕوبیۆ لە بەراوردەکەیدا وتی، "پاڵەوانەکانی ئێمە ڕەنگە ئامادەبن گیانی خۆیان لەپێناو دۆزەکەیاندا ببەخشن، بەڵام مەرگ پەرست نین. بەدیاریکراویش لەبەر ئەوەی ئێمە بەهای ژیان دەزانین، ئەو کەسانە بەرز دەنرخێنین کە ئامادەن ژیانی خۆیان بکەنە قوربانی بەڵام خیانەت لە بەهاکانیان نەکەن."

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە پەیامی بۆ وڵاتانی ئەوروپا وتی، هەرچەندە چەند ساتێک هەبووە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام "نابێت ڕێگە بدرێت ئەو پەیوەندییە نێوانمان تێک بشکێت."

لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکەیدا جەختی لەوە کردەوە "پێویستە پێکەوە هاوپەیمانییەکە بەهێز بکەین کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەم سەردەمەی ئێمەی هەبێت. و دەتوانین ئەمە بکەین، چونکە باوەڕمان بەوە نییە کە ئەم دۆستایەتیەتییە لە بەرژەوەندی یەک لایەنەدا بێت، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێش وتارەکە ڕایگەیاندبوو کە ڕوبیو لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا باسی داهاتووی دیموکراسی دەکات و جەخت لە هاوبەشێ نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا دەکاتەوە.