مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئێران چەندین دەرفەتی لەدەستداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و وتیشی تا ئەو کاتەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بێت، کۆماری ئیسلامی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت و ئەوەش هێڵی ڕوونی واشنتنە.
مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممە،7ی مانگی دە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکەی لە ئەسینای پایتەخت وتی "ئەوان هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نابێت تا ئەو کاتەی سەرۆک ترامپ لە پۆستەکەیدایە و تەواو." وتیشی ئابووری کۆماری ئیسلامی لە لیواری ڕووخانی تەواودایە و خەریکە دەگاتە ئاستێک کە کەم وڵات لە جیهاندا ئەزموونی کردووە.
وتیشی ئێران چەندین دەرفەتی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا لەدەست داوە و بەردەوامە لە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ تیرۆر و چەک کڕین و حزبوڵڵا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها هەڵوێستی واشنتنی لە بارەی ڕێگریکردن لە ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی دووپاتکردەوە و وتی "دۆناڵد ترامپ توانای سەربازی ئێران و بەشێکی زۆری توانای پیشەسازی سەربازی ئێرانی لەناوبردووە."
ڕوبیۆ هەروەها وتی حکومەتی ئێران "بەتەواوەتی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی لەدەستداوە" و هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان و ڕۆیشتنی نەوت لەو رێگەیەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی نزیکەی پێش جەنگ.
بەرپرسانی ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار جەختیان لەسەر زیادبوونی هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان و هەناردەکردنی وزە لەو ناوچەیەوە کردووەتەوە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن هێشتا تەنگەی هورمزیان کۆنترۆڵ کردووە.
لە هەمان کاتدا هەواڵی بەردەوامی هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، بڵاودەبنەوە.