هەڵبژاردنی پێشوەختەی کۆنگرێس لە ئۆهایۆ دەستی پێکرد

دەنگدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس کە بە میدتێرم ناسراوە، ڕۆژی سێشەممە لە ویلایەتی ئۆهایۆ دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت پێکهاتەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ دوو ساڵی داهاتوودا دیاری بکات. کێبڕکێی ویلایەتەکە بۆ یەک کورسی ئەنجومەنی سینات و دوو کورسی ئەنجومەنی نوێنەران بەریوەدەچێت و دەرئەنجامەکەی دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێز لە واشنتن هەبێت.

دەنگدانەکە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە دەنگدەرانی ئەمەریکایی لە هەردوو پارتی سەرەکی ئەمەریکا نیگەرانی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و خۆراک و وزە و نیشتەجێبوون. هەڵاوسان بە ڕێژەی لەسەدا 3.4 بەرزبووەتەوە و پرسە ئابوورییەکان لەگەڵ نیگەرانییەکان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و ئەگەری درێژخایەنی ململانێ سەربازییەکان، ئەو پرسانەن کە ڕەنگە کاریگەریان هەبێت لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

ئۆهایۆ لە ساڵانی ڕابردوودا ویلایەتێکی سەرەکی بووە لە پێشبڕکێکاندا و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەتوانێت دەرخەری بۆچوونی دەنگدەران بێت سەبارەت بە کارەکانی حکومەتی ئەمەریکا و کۆنگرێس.
لە ئەنجومەنی سینات، سیناتۆری پێشوو شێرۆد براون کە بۆ ماوەی 18 ساڵ لەو پۆستەدا بووە، بەرامبەر جۆن هاستێد خۆی کاندید کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سینات.

هەروەها بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئۆهایۆ دوو پێشبڕکێی گەورەی لەبەردەمە. نوێنەری ئێستای ماکس میلەر بەرامبەر برایان پۆیندێکستەر کێبڕکێ دەکات و هەروەها مارسی کاپتۆر بەرامبەر دێریک مێرین لەم هەڵبژاردنەدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کێبڕکێ دەکەن.

دەنگدانی پێشوەختە و دەنگدان بە پۆست دەتوانێت نیشانەیەکی سەرەتایی بۆ ئاستی بەشداریی دەنگدەران بێت لە هەڵبژاردنەکانی میدتێرم، بەڵام ئەنجامی کۆتایی تا تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان دیاری نابێت. هەڵبژاردنی میدتێرمی ئۆهایۆ تا سێی مانگی یازدە واتە مانگی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت و دەنگدەران لەم ماوەیەدا دەرفەتی دەنگدانیان بۆ نوێنەرەکانیان لە کۆنگرێس هەیە.