نۆبڵی فیزیا بە زانستکارێکی ئەمەریکایی بەخشرا

ئەمڕۆ سێشەممە فرانسیس هاڵزن، زانستکاری ئەمەریکایی، خەڵاتی نۆبڵی فیزیای بۆ ساڵی 2026 پێبەخشرا بە هۆی تۆێژینەوەکانی لە بواری وردیلۆچکەی نیۆترینۆ کە پێشتر بوونی پێوانە و ئاشکرا نەکرابوو.

نیۆترینۆ یەکێکە لە وردیلۆچکە سەرەتاییەکان کە لەڕێگەی کارلێکی لاواز و هێزی کێشکردنەوەوە درکی پێ دەکرێت. نیۆترینۆ، کە بەشی یەکەمی ناوەکەی "نیوترەڵە" واتە بێبارگەیە لەبەرئەوەی هیچ بارگەیەکی کارەبایی نیە، پاشگری "ینۆی" پێوە کراوە بۆ بچووکردنەوەی لەبەر ئەوەی بارستاییەکەی بەوەستاویی نزیکە لە سفر. بارستایی نیۆترینۆ لەباری وەستاویدا بچووکترە لە وردیلۆچکە سەرەتاییەکانی دیکە (بێجگە لە وردیلۆچکە بێبارەستەکان، وەک فۆتۆن). بەم جۆرەش بە یەکێک لە وردیلۆچکە سەرەتاییەکان دادەنرێت کە بارستاییان لە باری وەستاویدا نزیکە لە سفر.

کار و کارلێکی کێشكردنی هێندە لاوازە بەهۆی یەکجار کەمیی بارستەکەیەوە، کە وا دەکات نیۆترینۆ کارلێکەری کارۆموگناتیسی یاخود کارلێکەریی بەهێز ئەنجام نەدات، بەم پێیەش نیۆترینۆ بەناو ماددەی ئاساییدا بەبێ بەربەست تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی ئەو تێپەڕبوونە درکی پێ بکرێت.

فرانسیس هاڵزن ساڵی 1988 بیرۆکەیەکی خستە ڕوو کە مەبەست لێی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بوو بۆ درککردن و ئاشکراکردنی تێپەڕبوونی نیۆترینۆ. بیرۆکەکەی هاڵزن بریتیبوو لە دانانی هەزاران هەستەوەری بینین لە کیلۆمەترێک چوارگۆشەی سەهۆڵی شاخی بەستەڵەک بەمەبەستی تۆمارکردنی رووناکیی چێرنۆکۆڤ کە لەکاتی کارلێککردنی نیۆترینۆ لەگەڵ گەردیلەکان بەرهەم دێت.

ڕووناکی چێرنۆکۆڤ تیشکدانەوەی کارۆموگناتیسییە کە دەردەچێت کاتێک وردیلۆچکەیەکی بارگاوی (وەک ئەلیکترۆن) بە ناوەندێكی کارۆهەڵگر (دایئێلێکتریك) ( وەک ئاوی دڵۆپێنراو) بە خێراییەك کە زیاتربێت لە گوڕی قۆناغیی (خێرایی بڵاوبوونەوەی نووکی شەپۆل بە ناوەندێکدا) ڕووناکی بە ناوەندێکدا.

ئەم بیرۆکەیەی هاڵزن بووە مایەی دروستکردنی چاودێرگەی خشتەکی سەهۆڵیی نیۆترینۆ کە لە ساڵی 2011ـدا تەواو کرا.

ئەو چاودێرگەیە لە کیشوەری بەستەڵەکی باشوور دامەزرێنرا کە هەستەوەرەکان لەناو سەهۆڵەکە دانرابوون، مەبەستیش لەو چاودێرگەیە بریتیبوو لە ئاشکراکردنی تێپەڕبوونی ناوازەی نیۆترینۆی وزەبەرز کە لە سەرچاوەی ئەستێرەییەوە هاتوون لەدوای تەقینەوەی مەزنی ئەستێرەکان، یاخود گوژمەی تیشکی گاما.

بۆ یەکەمجار ساڵی 2013 ئەو نیۆترینۆ وزە بەرزە گەردوونیانە لەناو خشتەکە سەهۆڵییەکە ئاشکرا کران و بووە مایەی پشتراستکردنەوەی سەرچاوەی ئەستێرەیی نیۆترینۆ و کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بەسەر ئەستێرەناسیی وزە بەرزدا.

نیۆترینۆ دووریی یەکجار زۆر لە گەردوون دەبڕن بەبێ گۆڕینی ئاراستەیان یاخود لە دەستدانی وزەکەیان، بەم پێیەش زانیاریی دانسقەمان بۆ دەگوێزنەوە لەبارەی سەرچاوەی دروستبوونە یەکجار بەزەبرەکانیانەوە. ئاشکراکردنیان بوار بە زانستکاران دەدات توێژینەوە لەسەر ئەو دیاردانە بکەن کە بە تەلەسکۆبی ئاسایی نابینرێن.

فرانسیس هاڵزن مامۆستای فیزیایە لە زانکۆی ویسکانسن مادیسن لە ویلایەتی ویسکانسن لە ناوەراستی باکوری ئەمەریکا. هاڵزن ساڵی 1944 لە بەلجیکا لە دایک بووە و ساڵی 1969 بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. لە سەنتەری سێرن لە سویسرا کاریکردووە و ساڵی 1972 بووەتە مامۆستا لەزانکۆی ویسکانسن مادیسن و ساڵی 2001 بووە بە لێکۆڵەری سەرەکی خشتەکی سەهۆڵیی لە پەیمانگای ئەمەریکایی بۆ فیزیا.