وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی سەرۆکۆنەی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییەی ئێران دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی هاووڵاتیان و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازی تۆقاندن، ئەمەش پاش ئەوەی دوێنێ حکومەتی ئێران دوو گەنجی بەشداربووی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی لە ئەسفەهان لەسێدارە دا.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی بەکارهێنانی لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە وەک ئامرازێکی سەرکوتکردنی سیاسی دەکەین."

وەزارەتی دەرەوە ڕاشیگەیاند، "ئەمە ڕژێمێکە کە لە مانگی یەکدا بە شێوەیەکی دڕندانە هەزاران خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی کوشت."

عەلیرەزا سپاهی و عەلیرەزا ڕەئیسی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵی ئەسفەهان دەستبەسەر کرابوون، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 5ـی مانگی دە لە زیندانێکی ئەو شارە لەسێدارە دران.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ماوەیەکی زۆرە ڕژێم گەلی ئێرانی خستووەتە ژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییکردنی ساختە و بەرەنجام لەسێدارەدانی نایاسایی. ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی وەک قوربانی بۆ شکستە سەربازی و ئابوورییەکانی ڕژێم بەکار دەهێنرێن."