ترامپ ڕەزامەندی دەردەبڕێت بۆ لەسێدارەدان بە دەستڕێژی گوللە بۆ پزیشکی دەروونی پێشووی سوپای ئەمەریکا

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ لەسێدارەدان بە شێوەی دەستڕێژی گوللە بۆ پزیشکی دەروونی پێشووی سوپای ئەمەریکا کە لە ساڵی 2009 لە تەقەکردنێکی بەکۆمەڵدا لە فۆرت هود لە ویلایەتی تەکساس 13 کەسی کوشتووە.

شان پارنێل وتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی لەسێدارەدانی نزال حەسەن ئەندامی پێشووی سوپای ئەمەریکا بە شێوەی دەستڕێژی گوللە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری جەنگ پیت هێگسێت و بە ڕەزامەندی ترامپ ئەنجام دەدرێت.

پارنێل ئاماژەی بەوەدا کە حەسەن لەو هێرشەدا بە هاواری "الله ئەکبەر"ی 12 سەربازی بێچەک و سەربازێکی خانەنشینکراوی کوشتووە و 32 کەسی دیکەشی بریندار کردووە.

وتیشی وەزیری سوپای ئەمەریکا کات و شوێنی لەسێدارەدانەکە دیاری دەکات. پارنێل وتی "دواجار ڕۆژی دادپەروەری بۆ حەسەن هاتە دێ."

لەسێدارەدان بە تەقەکردن یەکێکە لە چەند شێوازێکی سزای لەسێدارەدان کە بەم دواییە بەڕێوبەرایەتی ترامپ لەگەڵ کورسی کارەبایی و خنکاندن بە گاز، زیادیکردووە بۆ لیستی شێوازە ڕێگەپێدراوەکانی لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی قورسترین تاوانە فیدراڵیەکان ئەنجام دەدەن.

حەسەن دوای ئەوەی دەستەی سوێندخواردنی سەربازی بە 45 تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە مانگی هەشتی ساڵی 2013دا تاوانبار کرد، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم تەقەکردنە چەند هەفتەیەک پێش ئەوە ڕوویدابوو کە بڕیار بوو حەسەن لە ئەفغانستان جێگیر بکرێت. لە کاتی دەستگیرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و بەشێکی ئیفلیج بووە و لەو کاتەوە لەسەر کورسییە.

لە سێدارەدانی سەربازی دەگمەنە و بەپێی یاسای یەکگرتووی ڕێکاری سەربازی، سزای لەسێدارەدان کە لە دادگای سەربازیدا دەردەچێت، تا سەرۆک پشتڕاستی نەکاتەوە، ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

ئەگەر نیزال حەسەن لەسێدارە بدرێت، ئەوە یەکەم لەسێدارەدانی سەربازی دەبێت لە ساڵی 1961ەوە.