سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی سەرجەم فڕۆکە بۆمب هاوێژە پێشکەوتووەکانی بی-1ی لە بنکەی ئاسمانی فێرفۆرد لە بەریتانیا کشاندووەتەوە بەهۆی "هەندێک هەڕەشە"وە.
سەرۆک ترامپ هەروەرها ئاماژەی بەوەشکرد کە پێی وایە کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارە لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر گەشتی فڵای دۆبەی.
دۆناڵد ترامپ وتیشی "هەندێک هەڕەشە هەبوون و ئێمە لەبری ئەوەی دوژمن هان بدەین، دوژمن دەستگیر دەکەین و شکستی پێدەهێنین. بەڵام بۆچی دەبێت ئەوانە لەوێ ڕابگرین؟ هەر بۆیە کەمێک شوێنەکانمان گۆڕین و گواستنمانەوە، نە زۆر دوور."
ترامپ وردەکاریی ئەو هەڕەشانەی نەخستەڕوو کە ئاماژەی پێدەکات، بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا، وتی "ئەگەر ئەو کارەیان کردبێت ئەوا دەرنجامەکەی زۆر خراپ دەبێت بۆیان."
پێش لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ، دوو بەرپرسی باڵای دیکەی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا، کشانەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەیان لە بەریتانیا بە بەشێک لە گواستنەوەیەکی ڕۆتینی و لە بەر وریایی زیاتر ناو برد. ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کشانەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان بۆ دڵنیایی زیاتر ئەنجام دراوە، هاوکات مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەو هەنگاوەی بە بەشێک لە جوڵاندنی ڕۆتینی کەرەستە و سەربازەکان ناو برد.
ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو "بەڵگەی بەهێز" هەیە لەسەر تێوەگلانی ئێران لە چالاکییە گوماناویەکان لە نزیک بنکە ئاسمانییەکە.
حکومەتی ئێران "بە توندی" ئەو تۆمەتەی ڕەتکردووەتەوە و باڵیۆزی بەریتانیای لە تاران بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بەو لێدوانانە.
هاوکات لوکاس تامڵینسۆن، پەیامنێری فۆکس نیوز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، دۆناڵد ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشی تیرۆریستیی سەر فڕۆکەی فڵای دۆبەی ڕایگەیاندووە کە پێی وایە کۆماری ئیسلامی "بەرپرس"ی ئەو هێرشە بووە.
پێشتریش لە یەکی ئەم مانگەدا سەرۆک ترامپ لە کاتی بەجێهێشتنی واشنتن بۆ گەشتێک بۆ تەکساس و ئۆکلاهۆما، وتی بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە، وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هاوفڕۆکەوانی هێرشەکەی سەر فڵای دۆبەی پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەبووە یان نا، وتی وەڵامەکە بەڵێیە.
بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە هێشتا بەردەوامن و هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامی "بە قورسی دەکرێتە ئامانج."