کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا دەڵێت سەرۆک ترامپ سەرەڕای ئەوەی ئاگادار بوو لەوەی کە مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت و گاز دێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا بڕیاریدا ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکات و قبوڵی کردووە دەرئەنجامە ئابوورییە کورتخایەنەکانی ئەو بڕیارە قبوڵ بکات.
ڕایت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس ڕۆژی یەکشەممە 4ی مانگی دە وتی "ئەگەر بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ تەنیا سیاسی بووایە، دەیتوانی پرسی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بۆ داهاتوو دوابخات و ڕێژیمێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ڕادەستی سەرۆکی داهاتوو بکات."
ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە ڕێز لەم بڕیارە بگیرێت، بڕیارێکی گەورە بوو کە هەنگاو بنێت و بڵێت ڕێگە نادەم دەستان بە چەکی ئەتۆمی بگات." بە گوتەی وەزیری وزە، سەرۆک ترامپ "دەیزانی کە ئەم کارە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە کورتخایەندا" بەڵام بڕیاریدا "کارێکی دروست" بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سەرۆک ترامپ لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە ئاگادار کراوەتەوە، ڕایت وتی سەرۆک "بە تەواوی ئاگاداری مەترسییەکانی سەر کەرتی وزەیە کە لە کەنداوەوە سەرچاو دەگرن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "جیهان توانای قبوڵکردنی ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی نییە."
لە شوێنێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ڕۆیشتنی وزە لە تەنگەی هورمزەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کردووە، بەتایبەتی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا. هەروەها وتی بەرهەمهێنانی بەنزینی ئەمەریکا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و وتیشی لەگەڵ کۆتایهاتنی هاوین و گەشتەکانی هاوین، خواست لەسەر بەنزینیش کەم دەبێتەوە.
ڕایت وتیشی پچڕانی هەناردەکردنی ڕووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و بڕیاری چین بۆ وەستاندنی هەناردەکردنی گازۆیل و بەنزین و کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی سووتەمەنی لە کەنداوەوە کاریگەری لەسەر بازاڕی جیهانی هەبووە.
وەزیری وزەی ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد هەندێک لە یەدەگی گازۆیلەکانیان بڵاوبکەنەوە و وتی ئەمە ئەو کاتەیە کە تۆ گازۆیلت بۆ هەڵگرتووە و ئێستا کاتییەتی بخرێتە بازاڕەوە. بە وتەی ناوبراو ئازادکردنی ئەو یەدەگانە نەک تەنیا لە ئەمەریکا بەڵکو لە ئەورووپا و ناوچەکانی دیکەی جیهان، نرخەکان کەم دەکاتەوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هێشتا پێشبینی دەکات نرخی سووتەمەنی لە چوار هەفتەی داهاتوودا دابەزێت، وەزیری وزەی ئەمەریکا وتی بێگۆمان ئەوە روودەدات و ئاماژەی بەوەشکرد لە ئێستاوە نرخی بەنزین و گازۆیل لە دابەزیندایە و جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشبینی دەکات ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت.