سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا بەوەی وڵاتانی ئەوروپا بڕیاریان داوە بە خستنە بازاڕی "بڕێکی زەبەلاح" لە گازۆیلی عەمبارکراو، ئەمەش بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی وزە.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ئەوروپا ئێستا ڕەزامەندی دەربڕی بە خستنە کاری بڕێکی زەبەلاح لە گازۆیل، کە بڕێکی زۆریان کۆگا کردووە."
سەرۆک ترامپ ئاماژەی دا، "پرۆسەکە دەستبەجێ دەست پێدەکات."
ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە شەوی پێنجشەممە ترامپ و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا. هەروەها بەرەبەیانی هەینی وڵاتانی گرووپی حەوت کۆبوونەوەیەکیان بە مەبەستی تاوتوێکردنی چۆنیەتی دابەزاندنی نرخی وزە ساز کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، وڵاتانی ئەندام کە پێکهاتوون لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمەریکا ڕێککەوتن لەسەر خستنە بازاڕی بڕی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا، کە دەکاتە ڕێژەی 830 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە ببێتە هۆی دابەزاندنی نرخەکانی وزە لە مانگەکانی داهاتو و وەرزی سەرمادا.