ڕۆژی سێشەممە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا دامەزراندنی پێگەیەکی سەرهێڵی ڕاگەیاند کە تێیدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێشکەوتووترین ئامرازەکانی ژیری دەستکردەوە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەتوانن زۆربەی کارە حکومییەکانیان "لە نێو لەپی دەستیان" جێبەجێ بکەن.
سەرۆک ترامپ لە هۆڵی ئەندروو مێڵۆن گوتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا شێوازی کارکردنی حکومەتی بە شێوە کلاسیکییەکەی و بە بیرۆکراسی زۆرەوە بە "مردوو" ناوبرد.
ترامپ بە شێوەیەکی فەرمی پێگەی (america.gov)ـی ڕاگەیاند کە تێیدا هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ئەمەریکا بەردەستن و لە ڕێگەی سودوەرگرتن لە ژیری دەستکردەوە بەکارهێنەرانی لە ئەمەریکا دەتوانن بە ئاسانترین شێوە کارەکانیان ڕایی بکەن.
ترامپ جارێکی تر ئاماژەی دا بە گۆڕینی ناوی ژیری دەستکرد بۆ ژیری باڵا و ڕایگەیاند کە بەزوویی فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەردەکات بۆ گۆڕینی ناوەکە.
بە گوێرەی کۆشکی سپی، وێبسایتی ئەمەریکا دۆت گۆڤ بە جۆرێک دروست کراوە کە خزمەتگوزارییە حکوومییەکان بە ئاسانترین شێوە بخاتە بەردەم هاووڵاتییان و لە هەمانکاتدا زانیارییەکانیان پارێزراو بێت و نەکەوێتە بەر دەستی کۆمپانیاکان.
سەرۆک ترامپ لە گوتارەکەیدا گوتی ''ئەو مامەڵانەی کە پێشتر چەندین ڕۆژ و مانگیان پێ دەچوو، لە ڕێگەی ئەم وێبسایتەوە بە چەند کلیکێک ئەنجام دەدرێن.''
بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک فەرمانێک واژۆ دەکات و هەموو دەزگا حکوومییەکان پابەند دەکات کە خزمەتگوزارییەکانیان بە ئەمەریکا دۆت گۆڤ ببەسترێنەوە.
لە درێژەی گوتارەکەیدا دۆناڵد جەی ترامپ گوتی، "لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕەوە زانیاریی دەنگدەران دەبینین و هیچی دیکە ڕێگە بەو خەڵکانە نادەین کە ئەمەریکاییی نین لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا دەنگ بدەن."
هەروەها ترامپ هەماهەنگیی ئەمەریکای لەگەڵ چین لە بواری ژیری دەستکرددا دووپات کردەوە، بەڵام گوتی کە ئەم هەماهەنگییە بە جۆرێک دەبێت کە تایبەتمەندییەکانی ئەمەریکا تێیدا پارێزراو بێت. ڕایگەیان ئەمەریکا و چین لە بواری گەشەپێدانی ژیری دەستکرد لە پێشبڕکێدان، هەرچەندە ئەمەریکا زۆر لەپێش چینەوەیە.
وتیشی، "ئەوەی لە پێشبڕکێی ژیری باڵادا بباتەوە، براوە دەبێت."
پێشتریش دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو کە دەرکەوتنی ژیری دەستکرد لەوانەیە ڕووداوێکی بەقەد دەرکەوتنی سەردەمی پیشەسازی گرنگ بێت و تەنیا ئەوانە لە داهاتوودا براوە دەبن کە لەو بوارەدا پێشەنگن.